موجتەبا خامنەیی لە یەکەمین پەیامی خۆیدا دوای هەڵبژاردنی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی لەوە کرد کە خەڵکی ئێران لەم چەند ڕۆژەی جەنگدا پەیامێکی گەورەیان بۆ جیهان ناردووە.

بەپێی وتەکانی ئەو، ئەم هەڵوێستەی خەڵک «دووژمن»ی تووشی سەرسوڕمان کردووە و نیشانی داوە کە گەلی ئێران لە دژوارییەکاندا یەکگرتووە.

ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی «بە لێدانە کاریگەرەکان»ی ڕێگری لە پلانەکانی دووژمن کردووە و ڕێگەی نەداوە ئەوان بتوانن دەست بەسەر نیشتماندا بگرن یان وڵات پارچە بکەن.

هەروەها سوپاسی هێزەکانی بەرەی موقاوەمەی ناوچەکەی کرد و بە تایبەتی ئاماژەی بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حیزبوڵڵا و یەمەن کرد، کە بە وتەی ئەو «بە ئازایەتی» لە دژی دووژمن وەستاون.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی داوای لە خەڵکی ئێران کرد یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن و ڕێگە نەدەن هیچ درزێک لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا دروست بێت.

ئەو هەروەها هانی خەڵکی دا بەردەوام بن لە ئامادەبوونیان لە گۆڕەپانەکان و بەشدارییەکی گەورە لە ڕۆژی قودسدا بکەن.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا سوپاسی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرگری لە نیشتمان و بەرەی موقاوەمە.