بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، شەپۆلی 43ی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە «بەڵێنی راستگۆ 4» دەستی پێکردووە و تێیدا کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن و هەروەها بنکەکانی دیکەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج. هەمان کات هێرشەکان ناوچەکانی تەلئەڤیڤ، باکووری ئیسرائیل و شاری ئیلاتیشیان گرتووەتەوە.
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیاء ڕایگەیاند، لە جێبەجێکردنی ئەم شەپۆلەدا مووشەکە وردپێکەکانی «خوڕەمشەهر»، «قەدر»، «عیماد» و «خەیبەرشکێن» هەروەها درۆنە تێکشکێنەرەکان بەکار هاتوون.
بەپێی قسەکانی، هەندێک بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەش کراونەتە ئامانج، لەنێویاندا هەندێک شوێن لە ئوردن، شارەکانی مەنامەی بەحرێن و هەروەها هەولێری هەرێمی کوردستان.
زولفەقاری هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە بەرگریی ئاسمانیی بەرەی موقاوەمە توانیویەتی فڕۆکەیەکی سووتەمەنیی ئەمریکا کە خەریکی سووتەمەنی دان بووە بە فڕۆکەیەکی جەنگی، بخاتە خوارەوە.
گوتەبێژی خاتەمولئەنبیاء هەروەها ڕایگەیاند، دوای ئەم هێرشانە شەپۆلی 44ی ئۆپەراسیۆنەکە بە ناوی «یا سادق الوعد» دەستی پێکردووە و تێیدا مووشەکە وردپێک و قورسەکان وەک «خوڕەمشەهر»، «خەیبەرشکێن»، «فەتاح»، «عیماد» و «قەدر» بەکار هاتوون و چەندین ئامانج لە ناوچەکانی کریات شمۆنە، خەدەرا و حەیفا لە ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هەموو ستافی فڕۆکەی سووتەمەنیپێدەرەکەی جۆری KC-135 گیانیان لەدەستداوە، دوای ئەوەی فڕۆکەکەیان لە ئاسمانی ڕۆژئاوای عێراق کەوتە خوارەوە.
بەپێی راگەیاندنی سێنتکۆم، ئەم فڕۆکەیە ڕۆژی 12ی ئادار لە کاتی فڕینیدا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی «تووڕەیی داستانئاسا» تێکشکا و کەوتە خوارەوە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ نیشانەیەک نەدۆزراوەتەوە کە پەیوەندی بە تەقەی دووژمن یان تەقەی هەڵەی هێزە دۆستەکانەوە هەبێت.