بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنێکی خۆکوژەوە ئەنجامدراوە و زیانی بە بەشێک لە باڵەخانەکانی باڵیۆزخانەکە گەیاندووە.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوکەڵێکی زۆر لە ناو حەوشە و باڵەخانەکانی باڵیۆزخانەکەوە بەرزبووەتەوە و دەستبەجێ زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەی سەوز لێدراوە. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئاماری ورد لەبارەی زیانە گیانییەکان یان قەبارەی زیانە ماددییەکان بڵاونەکردووەتەوە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دابووە بە هەندێک لە فەرمانبەرانی نێردە دیپلۆماسییەکانی کە پێویست نییە لە عێراق بمێننەوە، داوای لێکردبوون بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و هەڕەشە بەردەوامەکان، خاکی وڵات جێبهێڵن.

بەپێی هەندێک سەرچاوە ئەمنییەکان، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە پەکخستنی کارە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بووە لە بەغدا.