جام کوردی - بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی "حوڕڕە"، بەرپرسانی ئەمریکا بەپلاتفۆڕنی "سیمافۆر"یان ڕاگەیاندوە کە ئیسرائیل واشنتۆنی ئاگادار کردۆتەوە لەوەی یەدەگی موشەکیی بەرپەرچدەرەوەی بالیستی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، ئەمەش لە کاتێکدایە ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان چەندین مانگە ئاگاداری سنوورداریی تواناکانی ئیسرائیلن و پێشبینی ئەو دۆخەیان کردووە، بەڵام جەختی کردۆتەوە کە ئەمریکا خۆی تووشی هەمان گرفتی کەمیی موشەکی بەرپەرچدەرەوە نەبووە.
ئەو نیگەرانییانە لەکاتێکدان کە ململانێیەکی سەربازیی درێژخایەن لەگەڵ ئێراندا دەبێتە هۆی خێرا بەکارهێنانی موشەکەکان و ڕەنگە ئەمریکاش بخاتە دۆخێکی ناهەموارەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی 2 ی ڕابردووەوە بە کەمیی یەدەگەوە چوونەتە نێو ئەم جەنگە، چونکە لە پێکدادانەکانی هاوینی ڕابردوودا بەشێکی زۆری یەدەگەکانیان بەکارهێنابوو.
ئێستاش سیستمە بەرگرییە دوورمەوداکانی ئیسرائیل لەژێر گوشارێکی زۆردان، بەتایبەت کە ئێران کڵاوەی هێشوویی لە موشەکەکانیدا بەکارهێناوە بۆ ئەوەی زۆرترین موشەکی بەرپەرچدەرەوەی ئیسرائیلی پێ خەرج بکات و کۆگاکانیان بەتاڵ بکات.