ئەو مووشەکانەی کە بەرەو ئیسرائیل نێردران زۆربەیان لە ناو خاکی ئێرانەوە فڕێدراون. 

سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە چەند شەپۆلێک مووشەکی بالیستی بەرەو ئیسرائیل نێردراوە و ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. 

کاتێک مووشەکەکان لە ئێرانەوە فڕێدەدرێن بەرەو ئیسرائیل، زۆرجار بەسەر ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکە وەک ئوردن تێدەپەڕن، بۆیە لەو وڵاتانەدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت

هێزە ئەمنی و فریاکەوتنەکان لە پایتەخت و ناوچەکانی دیکە بەرزترین ئاستی ئاگادارییان گرتووە و داوایان لە هاووڵاتیان کردووە ئارامی خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە ئەمنییەکان پەیڕەو بکەن. هەروەها بەشێک لە ناوچەکاندا هێزە ئەمنییەکان چاودێرییان بۆ ئاسمان زیاد کردووە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی دانیشتووان.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دۆخە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ناوچەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی توندبوونەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان بووە، و ئەگەرچی ئوردن بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشدار نییە لەو شەڕە، بەڵام تێپەڕینی مووشەکەکان بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەدا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاگاداریی ئەمنی.