کورد میلەتێکی وەفادار و خاوەن هەڵوێستە.
سەید عیسا بەرزنجی لە سەرەتای قسەکانیدا ستایشی ڕۆڵی گەلی کوردی کرد لە ئاست پرسە نیشتمانی و ئایینییەکاندا و ڕایگەیاند: "کورد میلەتێکی بەغیرەت، خاوەن کەرامەت و چاونەترسە. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لە هاوسۆزی و بەشداری خەڵک لە پرسی ڕێبەری مەزن و شەهیدی ئوممەتی ئیسلام، نیشانەی وەفای ئەم میلەتەیە بۆ ئەو سەرکردانەی دژی ئیستکبار و زایۆنیزمی جیهانی وەستاونەتەوە."
کاردانەوەی خەڵک و شەپۆلی خەمباری
ئەم مامۆستا ئایینییە ئاماژەی بەوە کرد کە کۆچی ڕێبەر کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ناوچەکە و بەتایبەت هەرێمی کوردستان هەبووە، وتیشی: "بە دەیان هەزار ماڵ لە کوردستان شیوەنیان بۆ کۆچی ئیمامی خامنەیی کردووە و سەدان هەزار کەسیش دڵتەنگ و نیگەرانن. من وەک کەسایەتییەک ڕۆژانە سەدان پەیامی سەرەخۆشیم لەلایەن هاووڵاتیانی کوردەوە پێ دەگات کە نیشانەی پەیوەندییەکی ڕۆحی و ئایینی قووڵە."
پەیامێک بۆ نەیاران و هێزە دەرەکییەکان
سەید عیسا بەرزنجی بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ترەمپ گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە دوژمنانی ئیسلام و ئێران هەمیشە لە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریدان، بەڵام شکستیان خواردووە. ئەو وتی: "ئەوانەی ئیتاعەتی ئەمریکا دەکەن دەبێت بزانن کە هێزی ڕاستەقینە لای خوایە. ئێمە وەک کورد کە مێژوویەکی دوور و درێژمان لە ناوچەکەدا هەیە و خاوەنی کەلتوور و عیزەتی خۆمانین، ڕێگە نادەین کەسایەتییەکانمان و پیرۆزییەکانمان سووکایەتییان پێ بکرێت."
شوناسی کوردی و پابەندیی نەتەوەیی
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ جام کوردی، سەید عیسا جەختی لە ڕەسەنایەتی خۆی و بنەماڵەکەی کردەوە وەک خزمەتکارێکی دێرینی ئەم خاکە و وتی: "من وەک زیندانییەکی سیاسی و وەک یەکێک لە نەوەکانی بەرزنجە کە ٩٠٠ ساڵە باوباپیرمان لەم خاکەدا خزمەت دەکەن، ئەرکی خۆم دەزانم بەرگری لەو ڕێبازە بکەم کە کەرامەت و شەڕەفی مرۆڤ دەپارێزێت. کاتی ئەوە هاتووە وەک کورد بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەین و نەبینە پاشکۆی هێزە بیانییەکان."