بەپێی ئەم راگەیێندراوە، هێرشەکان ئاراستەی کۆمەڵێک دامەزراوەی نەوتی کراون کە بە بەرژەوەندیی ئەمریکا لە ناوچەکە پەیوەستن.
سوپای پاسداران جەختی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم قۆناغەدا نیازی فراوانکردنی مەودای شەڕ بۆ دامەزراوە نەوتییەکان نەبوو و هەوڵی داوە زیان بە ئابووریی وڵاتانی دۆست و دراوسێ نەگەیەنێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی دەستدرێژیی دوژمن بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران، وڵات ناچار بووە بچێتە قۆناغێکی نوێی بەرگریکردن و هێرش بکاتە سەر دامەزراوە وزەی پەیوەست بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە:
“دووبارە ئاگادارتان دەکەینەوە کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی کۆماری ئیسلامی هەڵەیەکی گەورە بووە و وەڵامدانەوە بۆی بەردەوام دەبێت. ئەگەر ئەم کردارە دووبارە بکرێتەوە، هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێوە و هاوپەیمانەکانتان بە شێوەیەکی تووندتر بەردەوام دەبێت.”
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا پێی ناوەتە ڕۆژی 20ـەم، کە لە 28ی شوباتی 2026ەوە دوای هێرشێکی فراوان دەستیپێکردووە.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران و هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر ئامانجەکانی دوژمن لە ناوچەکە دەستپێکردووە.