سەقامگیری لە ناو جەرگەی قەیرانەکاندا
ئێران لە ماوەی ڕابردوودا ڕابەر و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسە باڵاکانی لەدەستدا، کەچی هێشتا سیستمەکە ڕانەوەشاوە. وڵاتێک کە ئاسمان و دەریای لێ داخراوە و لەلایەن زلهێزترین وڵاتانی جیهانەوە ڕووبەڕووی گوشاری سەربازی دەبێتەوە، کەچی هێشتا وەک هێزێکی کاریگەر لە هاوکێشەکاندا ماوەتەوە.
ئابوورییەک کە دراوسێکانی پێوە بەستراوەتەوە
سەرەڕای هەموو گەمارۆکان، ئێران توانیویەتی لە ڕووی بەرهەمی ناوخۆییەوە بگاتە ئاستێک کە نەک هەر پێویستییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە، بەڵکو وڵاتانی دراوسێش (بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە) چاویان لە دەستی بێت. ترس لە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی ئێران، تەنها ترسێکی سیاسی نییە، بەڵکو ترسێکی بژێوییە؛ چونکە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر بازاڕ و نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک تەماتە و پەتاتە و کاڵا بنەڕەتییەکان.
هێزی سەربازی و پەیامی موشەکەکان
لە کاتێکدا زیاتر لە مانگێکە هێرشی جۆراوجۆر دەکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی، بەڵام تاران هێشتا توانای مانۆڕی ماوە. وەشاندنی موشەکی "زەوی بۆ زەوی" بۆ سەر ئیسرائیل و هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەی کەنداو، نیشانەی ئەوەن کە ژێرخانی سەربازیی ئەم وڵاتە هێشتا توانای وەڵامدانەوەی هەیە.
ئەنجام: ئایا ئەم ئێرانە هی ڕووخانە؟
ئەو واقیعەی ئێستا دەیبینین، نیشانمان دەدات کە ئێران لە ڕووی ناوخۆیی و هەرێمایەتییەوە ڕەگ و ڕیشەیەکی وای داکوتاوە کە بە ئاسانی هەڵ نەکێشرێت. پرسیارەکە لێرەدا دەگۆڕێت: ئایا وڵاتێک کە جومگەکانی ئابووریی ناوچەکەی بەدەستەوە بێت و لە ژێر توندترین هێرشەکاندا هێشتا موشەک بتەقێنێت، بە ڕاستی لە لێواری ڕووخاندایە؟