بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خالد ئەلجەیوسی لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕۆژنامەی رای الیوم بڵاوبووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە سەرۆک کۆماری تورکیا بە ڕاشکاوی پشتیوانی ئێران و پێشبینی سەرکەوتنی گەلی ئێرانی لەم شەڕەدا کرد. ناوبراو هەروەها هۆشداری دایە ڕکابەرەکەی، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی ئەو وڵاتە، کە ئامانجی داهاتووی ڕژێمی زایۆنیستی تورکیایە.
ئەمیچای چیکلی وەزیری جولەکەکانی ئاوارە و بەرەنگاربوونەوەی دژە جوولەکە لە کابینەی ڕژێمی زایۆنیستی، هێرشی کردووەتە سەر ئەردۆغان و بە توندی ڕەخنەی لە ڕۆڵی تورکیا لە ناوچەکە گرتووە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی، بە ڕاشکاوی تورکیای بە ئامانجی داهاتووی دەستدرێژیی ئەو ڕژێمە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەردۆغان کێشەیەکی گەورەی ڕژێمی زایۆنیستییە.
ئەو وەزیرە زایۆنیستە ئەردۆغانی بە ئاڵاهەڵگری پێشخستنی " ئایدۆلۆژیای جیهادی ئیخوان " ناوبردووە.
بێگومان نەیارانی ئەردۆغان بە دۆستی ترەمپی دەزانن کە دەتوانێت گەرەنتی هاوپەیمانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بکات. هەروەها ئەم وڵاتە ئەندامی ناتۆیە. بەڵام بۆچی ڕژێمی داگیرکەر لە سوپای تورکیا دەترسێت؟ ئایا ئەم ترسە بە هۆی مەیلی ئیسلامی و ڕێبازە دژە زایۆنیستییەکانی ئەردۆغانەوە درووست بووە؟
سەرۆک کۆماری تورکیا نایەوێت پشت بە چەکی ئەمریکی و ڕووسیا ببەستێت و ڕایگەیاندووە کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس 400 ی ڕووسی بە تەنیا پێداویستییەکانی ئاسمانی وڵاتەکە دابین ناکات کاتێک باس لە بەرگری دەکرێت.
ئەردۆغان بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پێشکەوتنی بەرچاوی لە توانای مووشەکیدا بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ئەم پێشکەوتنانە بەس نین. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە " ئێمە سیستەمێکی یەکگرتوو بە ناوی Iron Dome درووست دەکەین و سیستەمی بەرگری ئاسمانی فرە بەرز و پێشکەوتوو و سیستەمی شەڕی ئەلیکترۆنی یەکدەخەین کە لە ناوخۆدا پەرەمان پێداوە ".
هاوکات پرسی گەیاندنی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 35 بۆ تورکیا و هۆکاری دواکەوتنی واشنتن لە گەیاندنی ئەو فڕۆکەیە جێی پرسیارە. ڕوون نییە کە ئایا ئەمە تەنیا پەیوەندی بە کڕینی سیستەمی ئێس 400 ی ڕووسی لە لایەن ئەنکەرەوە هەیە، کە بووە هۆی ئەوەی تورکیا لە ساڵی 2019 دا لە دەستڕاگەیشتن بە فڕۆکە ئەمریکییەکان بێبەش بێت.
ئەردۆغان ڕایگەیاندووە کە " ئێمە باسمان لە پرسی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف ٣٥ کرد و نزیکەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلارمان داوە بۆ ئەو فڕۆکانە. هێشتا گەشبینین بە نیازی ترەمپ بۆ گەیاندنی ئەو فڕۆکانە ".
بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمینداری گشتی ناتۆ، خەرجی بەرگری تورکیا لە 1.45% لە ساڵی 2014 بۆ 2.09% لە ساڵی 2024 زیادیکردووە، ئەنکەرە نزیکەی 31.8%ی بودجەی بەرگریی خۆی لەمساڵدا بۆ کڕینی ئامێرە گەورەکان و توێژینەوە و پەرەپێدان تەرخانکردووە، ئەمەش بە ڕوونی کەمترین ئامانجی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە کە 20% بوو.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا تورکیا - ئەگەر وەک بەشێک لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە هۆشدارییان داوە، ئامانجی داهاتووی ڕژێمی زایۆنیستی بێت - دەتوانێت بچێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەو ڕژێمەوە؟ بە لەبەرچاوگرتنی پشتیوانی ئەمریکا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، شانسی سەرکەوتنی چییە؟
ڕۆژنامەی یەنی شەفەق ڕایگەیاندووە کە تورکیا دەتوانێت لە هەر ململانێیەکی سەربازیی ئەگەری لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستیدا سەربکەوێت، تەنانەت سەرەڕای پشتیوانی ئەمریکا بۆی. بەڵام ئەم سەرکەوتنەی بە چەند هۆکارێکەوە گرێداوە کە دەبێت پێکەوە دابنرێن.
نووسەری تورک ئیسماعیل کیلیچ ئەرسلان لە وتارێکدا پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا " تورکیا ئامادەیە بۆ شەڕێکی تەواو لە گەڵ ئیسرائیل ". ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە کە تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر ئامادەیە و لەم نێوەندەدا تاکە تەحەدای گەورە ڕوونی هەڵوێستەکانی جیهانی ئیسلامییە و تا چەند بەرەی ناوخۆ بەهێزتر دەبێت.
ناوبراو پرسێک دەوروژێنێت کە ئایا تورکیا لە پشتیوانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بەهرەمەند دەبێت یان نا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەرگیز چەکێکی لە دژی " ئیسرائیل " بەرز نەکردووەتەوە. بە تایبەت کە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی هەمیشە لە خەمی گەشەسەندنی " نیوعوسمانیزم " لە ناوچەکەدا بووە./.