خامنەیی ئاماژەی بەوە دا کە دوژمن پێیوابوو لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەتوانێت سیستمی ئیسلامی لە ئێران تێکبدات و بە شەهیدکردنی سەرکردەکان، ڕێگا بۆ دابەشکردنی وڵات خۆش بکات، بەڵام بە وتەی ئەو، ئەم پلانانە شکستیان هێنا.
ئەو وتی: “سوپاسی سەرۆک و بەرپرسانی بوێر دەکەم کە هەمیشە لەناو خەڵکدان و لەگەڵیاندا وەستاون، ئەمەش هۆی بەهێزبوونی یەکڕیزیی نەتەوەییە.”
ڕێبەری ئێران هەروەها هۆشداری دا کە یەکێک لە ستراتیژییەکانی دوژمن هێرشە میدیاییەکانە بۆ تێکدانی یەکڕیزیی ناوخۆیی، بۆیە بانگەوازی لە میدیاکان کرد خۆیان لە گەورەکردنەوەی خاڵە لاوازەکان بەدووربگرن.
لەبارەی وڵاتانی دراوسێش، خامنەیی جەختی کردەوە کە ئێران پەیوەندییەکی باشی لەگەڵیان هەیە و وتی: “ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر تورکیا و عومان، نە لەلایەن ئێران و نە لەلایەن بەرەی مقاوەمەوە ئەنجامدراون.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە دوژمن پێیوابوو بە شەهیدبوونی سەرکردەکان، گەلەکە دەستبەرداری خەبات دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەمە بۆتە هۆی زیاتر بەهێزبوونی بەرگری و یەکڕیزیی نەتەوەیی.