بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندووە کە دوای ئەو زیانە زۆرەی لە ئەنجامی شەڕی دژ بە ئێران بەر شاری ڕەحوفوت کەوتووە، سەرۆک شارەوانی ئەو شارە لە هەوڵی دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیدایە. ناوبراو باسی لەو کاریگەرییانە کردووە کە ئەم هێرشانە لە سەر شارەکە درووستی کردووە و ڕایگەیاندووە کە یادەوەری ئەو لێدانانە لە مێشکماندا دەمێنێتەوە و ناسڕدرێتەوە.

ماتان دەیل، سەرۆک شارەوانی ڕەحوفوت ڕایگەیاندووە کە " کاتژمێر 2 و 50 خولەکی بەیانی بوو کە زەوی ژێر پێمان لەرزی، ئەوە ساتێکی کارەساتبار و ترسناک بوو کە شارەکەی وێران کرد. سەرەتا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ناوچەکە لێدرا، دواتر زەوی ژێر پێمان لەرزی. دەنگێکی ترسناک بە ناو شارەکەدا بیسترا کە تا قووڵایی ڕۆحمان هەستمان پێکرد ".

ناوبراو دانی بەوەدانا کە لانیکەم دوو مووشەک بەر شارەکە کەوتووە، یەکێکیان پەیمانگای زانستی وایزمەنی لە گەڵ زەوی یەکسان کرد و ئەوی دیکەیان لە ناوەندی شار کەوتەخوارەوە، سەرەڕای ئەوەی ساڵێک و سێ مانگ بوو بۆ ئەو جۆرە بارودۆخانە مەشقمان دەکرد.

هەروەها ئاشکرای کرد کە " کاتێک گەیشتمە شوێنی ڕووداوەکە، دوای ئەوەی یەکێک لە مووشەکەکان کەوتە خوارەوە، هەرگیز لەبیرم ناچێت کە بەرپرسی پۆلیسی ناوچەکە و فەرماندەی بەرەی ناوخۆ و بەڕێوەبەری ئەستێرەی سوری دەیڤد و بەرپرسانی یەکەی فریاکەوتن و فریاگوزاریم بینی کە تووشی شۆک بوون. هەموومان لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکەدا وەستابووین. هەموو فەرماندە باڵاکان بێدەسەڵات وەستابوون. ساتێکی زۆر شۆککەر بوو ".

ئەو سەرۆک شارەوانییە زایۆنیستە ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەبووە کە بینای شارەوانیش لە ئەنجامی بۆردومانی مووشەکەکەدا داڕمابوو.

سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، ڕاشیگەیاندووە کە خشتەی کاتی ئاڵۆز هەیە بۆ ئەم کارە. ڕەنگە کاری ئاوەدانکردنەوە چەند ساڵێکە بخایەنێت، بەلایەنی لانیکەم لە نێوان 3 بۆ 5 ساڵدا، بۆ ئەوەی بتوانین بینای نوێ درووست بکەین، بەڵام بۆ خانووی نیشتەجێبوون کە زیانێکی زۆریان پێنەگەیشتووە، دەتوانرێت لە نێوان یەک بۆ سێ مانگدا نۆژەن بکرێتەوە./.