رۆژی دووشەممە 23-3-2026 ئیسماعیل سەقاب ئەسفەهانی، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکدا لە ئێکس سەبارەت بە هەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ترەمپ رێک لە دۆخی مشاردا گیریکردووە؛ چ ئەو کاتەی هەڕەشە دەکات و بە خەیاڵی خۆی دێتە پێشەوە، چ ئێستا کە بە شێوەیەکی شەرمەزارانە پاشەکشە دەکات، لە هەردوو حاڵەتەکەدا زیاتر خۆی بریندار دەکات."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بەردەوامبوونە لە پێشڕەوی و پاشەکشەکردن، دواجار دەبێتە هۆی "لەناوبردنی سیاسیی ترەمپ بۆ هەمیشە." گوتیشی: "بەهۆی رابردووی قسە و رەفتارەکانی، ئیدی قسەکانی ترەمپ بۆ هیچ ئێرانییەکی ژیر، هیچ بەهایەکی نەماوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەسفەهانی رووی دەمی کردە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی و پشتگیری خۆی بۆ هێرشەکان دەربڕی و گوتی: "سەردار و ئەمیرە ئازیزەکانی ئێران؛ لێبدەن، چونکە باش لێدەدەن."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێرانیش، ئەسفەهانی، کە سەرۆکی رێکخراوی باشترکردنی وزەیە، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و رایگەیاند: "ئێمە لە کەرتی وزە بەتەواوی ئامادەین بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی هەموو ئێرانییەکان."