ئێستا سەردەمی جەنگی دەرونی دیجیتاڵیە، بەمەبەستی کارکردن لە عەقڵ و بیرکردنەوە نەك لە جەستە، لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاو Fake News و ژیری دەستکرد AI و ھۆکارەکانی تری بیبین و بیستنەوە، تا بتوانن رای گشتی بەرانبەر بڕیارو بڕیاردەر بگۆڕن، لە جەنگی ١٢ رۆژەو لە جەنگی 28 شوباتدا زەقترین شێوازی دەرونی پەیڕەو کرا!! پرسیار: بۆچی زۆربەی موشەکباران و درۆنەکان بەشەودا دەکرێن؟؟ بێگومان بۆ دروستکردنی ھێدمە لای خەڵک.. ناردنی پەیامی میدیایی یان نوسراو بۆ چۆڵکردن و بەجێھێشتنی ماڵ و سەنگەرەکان لەم شەڕەدا زۆر پیادە كرا.. ھەڕەشەو گوڕەشەکانی ترەمپ و ناتانیاھو سەرکردەکانی ئێران ھەموو دەچنە خانەی ترساندن و تۆقاندن و جەنگە دەرونیەکەوە..
ھەردوولا گرتەو ڤیدیۆی زۆر ترسناکیان دروستکردوە و وەک بانگەشە دەینێرنە ناو خێزان و شەقامی ئەوبەر، بە جۆرێک ھەواڵەکان لێوان لێون لە زیادەڕەوی فەیک و بەمەش ورەی دوژمن و ئەژنۆی سوپاکان دەشکێنن..
ئەی ئێمە چۆن راستیەکان بناسینەوە؟؟
دەكرێت ھەر لە رێگەی ناونیشانی زل و قەبەو ترسناک و سۆزداریەوە بناسرێنەوە، چونكە كە دەیبیستیت یان دەتترسێنێت یان توڕەت دەکات، وەک ئەم نمونانەی ئێستا لەمیدیای کوردیدا ھەن (کارەسات بەڕێوەیە، روخا، قەوما......) ئەم ناونیشانانە بۆ گەیاندنی راستیەکان نیە بەڵكو بۆ دروستکردنی کاریگەریە لەسەر تۆ.. یان بە وتنەوەی یەک بیرۆکە بۆ دەیان جار بە داڕشتنی جیاواز، ئەمەش پرۆسەی داشۆرینی مێشک دروست دەکات، ھاوکات لایەن و گروپی ئێمەو ئەوان لە مێشکەکاندا سەوز دەبن، بۆ نمونە ئێمە براوەو ئەوان دۆڕاون، ئێمە بەھەشتیو ئەوان دۆزەخین، بەمەش تۆوی رق و کینە دەچێنرێت، بۆ ئەم بابەتانە پێویستە بەدوای سەرچاوەی ھەواڵەکاندا بڕۆین و بەناوی (وتیان یان دەڵێن) بەرەو وێڵبوون نەمانبەن.
بەکورتی: ئەمڕۆ جەنگی دەرونی مەترسیدارترینە، چونکە چەکەکەی زانیاری ھەڵەیە، گۆڕەپانی شەڕەکەش لە رێگەی مۆبایلەکەی دەستەوە عەقڵی تۆیە، بۆیە زۆر وریابە: خێرا باوەڕ مەکە، پرسیاری سەرچاوەی زانیاریەکان لەخۆت بکە، ھەر ھەواڵێک ترساندیتی تەواوی مەکە، مەھێڵە لە ناختدا فیدباک دروست بکات، ھەمیشە لە خۆت بپرسە کێ سودمەندە لەم پەیامەی نە موشەکەو نە درۆن، بەڵکو تەنھا مۆبایل و ئینتەرنێت و نامەیەکی ژەھراوی، گەر ئاگادار نەبیت ئەم پەیامانە مێشکت دەشواتەوە و داگیری دەکات و ھەستیش بە خۆت ناکەیت.