بەپێی هەواڵەکانی بڵاوکراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچە، مەرج و بنەما سەرەکییەکانی خۆی بۆ هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکا دیاری کردووە. ئەم مەرجانە، کە لەلایەن سەرچاوە باڵاکانی وڵاتەوە باس کراون، جەخت لەسەر پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران دەکەن.
لە نێوان ئەم مەرجانەدا:
- داوای گرەنتییەکی فەرمی و نێودەوڵەتی بۆ نەبوونی هێرشێکی سەربازیی داهاتوو لەسەر خاکی ئێران،
- قەرەبووکردنەوەی زیانە دارایی و ژێرخانییەکان کە بەهۆی سزاکان و هێرشەکانەوە دروست بوون،
- جەختکردنەوە لەسەر مافی یاسایی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە،
- وە هەروەها دیاریکردنی هێڵی سوور لەسەر بەرنامە مووشەکییە دەرەکییەکان کە دانوستان لەسەر ناکرێت
لە هەمان کاتدا، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ئامادەیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند بۆ میوانداری کردنی هەر گفتوگۆیەکی نێوان تاران و واشنتۆن لە ئیسلامئاباد، بە مەبەستی پشتگیری لە هەوڵەکانی ئاشتی و کۆتایهێنان بە ئاڵۆزییەکانی ناوچە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدا بەردەوامن کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، باس لە دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی “بنیادنەرانە” لەگەڵ ئێران دەکات و جەخت لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشەکانی ناوچە دەکاتەوە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران هەمیشە جەختیان کردووە کە هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی لەگەڵ ئەمریکا نەکراوە، وەک محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە.