​بە بڕوای سەرۆکی هاوپەیمانی، باوەڕێکی تەواو هەیە کە ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیانەوە تەنها مەبەستی "کات بەڕێکردنە". ئامانجی سەرەکی واشنتۆن لەم قۆناغەدا، گەیشتنی هێزی تەواو و بەردەستە بۆ ناوچەکە تا بتوانێت گورزێکی کوشندە و گەورە لە ئێران بوەشێنێت.

​ئەم شرۆڤەکارە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە، چونکە:

​هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی لەم ساتەدا بە واتای شکستی ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان ئەژمار دەکرێت.

​لە بەرامبەردا، وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئێران وێنە دەکرێت.

​دڵشاد بابان تیشک دەخاتە سەر کەسایەتی دۆناڵد ترەمپ و وەک کەسایەتییەکی "ئاڵۆز و ناجێگیر لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە" وەسفی دەکات، هۆکاری ئەو ناجێگیرییە بۆ شکستی پلانە سەرەتاییەکانی ترەمپ دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت:

​"ترەمپ پێی وابوو دوای تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئێران، دەتوانێت ئاڵۆزییەکی ناوخۆیی و بێسەروبەریی لە دەسەڵاتی تاراندا دروست بکات و شەقام بخڕۆشێنێت، بەڵام ئێرانییەکان نەیانهێشت ئەو خەونەی بێتە دی."

​ئەم شکستی پلانە بووەتە هۆی ئەوەی ترەمپ لە ناوخۆیدا تووشی شڵەژان بێت، کە ڕەنگدانەوەکەی لە تویتە دژبەیەکەکان و پاشگەزبوونەوە خێراکانیدا دەردەکەوێت. ئەمەش وایکردووە سیاسییەکان و میدیاکان چیتر متمانەی تەواویان بە لێدوانەکانی نەبێت.

​هەر ​بەپێی شیکارییەکەی دڵشاد بابان، لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئامادەیی بۆ ڕێککەوتن و ئاشتی، دوو ئامانجی سەرەکی دەپێکن:

یەکەم: ​بۆ ناوخۆی ئەمریکا تا نەیارەکانی بێدەنگ بکات و وا خۆی نیشان بدات کە ئەو پیاوی ئاشتییە.

دووەم: ​دیوە شاراوەکە ئەوەیە کات بەڕێکردنە تا بتوانێت بە کەمترین زیان لەم جەنگە بێتە دەرەوە، ئەویش لە ڕێگەی وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە کاتی دانوستانەکاندا، بۆ ئەوەی دواتر ئێران بە ناچاری پەلکێشی سەر مێزی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ بکات.

​ئەوەی گرنگە دڵشاد بابان جەخت دەکاتەوە کە ترەمپ دەیەوێت سوود لە گفتوگۆکان وەربگرێت تا ئەو هێزە سەربازییەی لە ڕێگەی ناوچەکەیە بگاتە جێ، بەڵام پێشبینی دەکات کە ئەم پلانە بۆ ترەمپ بە ئاسانی نەچێتە سەر و ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە.