جام کوردی - ڕای دالیۆ، توێژەر لە مێژووی ئیمپراتۆریەتەکان لە ماوەی (٥٠٠) ساڵی ڕابردوودا و بەرپرسی بەڕێوەبردنی ملیارەها دۆلار، ئەمڕۆ وتارێکی بڵاوکردەوە.
تەنها یەک ڕستە لە وتارەکەیدا هەموو شتێک کورتدەکاتەوە:
(لەدەستدانی کۆنترۆڵی دەربەندی هورمز بۆ ئەمریکا، وەک لەدەستدانی کۆنترۆڵی کەناڵی سوێسە بۆ بەریتانیا لە ساڵی ١٩٥٦).
بەرلەوەی لەم ڕستەیە بگەیت، دەبێت باسی ساڵی (١٩٥٦)ت بۆ بکەین؛ چونکە ئەوەی لەو ساڵەدا ڕوویدا، ڕەنگە ئەمڕۆ دووبارە ببێتەوە.
(١٩٥٦): کۆتایی بەریتانیا
بۆ ماوەی (٢٠٠) ساڵ، بەریتانیا زلهێزی ژمارە یەکی جیهان بوو. پاوەندی ئیستەرلینی دراوی جیهان بوو، هێزەدەریاییەکانیشی باڵادەستبوون بەسەر زەریاکاندا.
گرنگترین خاڵی هێزەکەی: کەناڵی سوێس بوو
بەشێکی زۆری بازرگانی جیهان بەو کەناڵەدا تێدەپەڕی. هەرکەسێک کۆنترۆڵی کەناڵەکەی بکردایە، کۆنترۆڵی بازرگانی جیهانی دەکرد.
لە ساڵی (١٩٥٦)، میسر کەناڵەکەی خۆماڵی کرد و وتیان: (ئەمە ئێستا هی ئێمەیە).
بەریتانیا هەڕەشەی کرد و وتی: (کەناڵەکە بکەنەوە ئەگەرنا هێرشدەکەین).
میسر کەناڵەکەی نەکردەوە. بەریتانیا لەگەڵ فەڕەنسا و ئیسرائیل هێرشیان کرد.
بەڵام شتێک ڕوویدا؛ ئەمریکا وتی: (بەسە)، سۆڤیەت وتی: (بەسە)، نەتەوەیەکگرتووەکانیش وتیان: (بەسە).
بەریتانیا ناچار بوو پاشەکشە بکات.
لەو ڕۆژەدا جیهان شتێکی بینی: بەریتانیا ئیتر زلهێز نییە.
چیی ڕوویدا دوای ئەوە؟
پاوەندی ئیستەرلینی داڕما. هاوپەیمانەکان لێی دوورکەوتنەوە. وڵاتە داگیرکراوەکان (کۆلۆنییەکان) سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند. سەرمایە لە بەریتانیا ڕایکرد. لە ماوەی بیست ساڵدا، بەریتانیا بوو بە وڵاتێکی ئاسایی.
ئیمپراتۆریەتێکی (٢٠٠) ساڵە بەهۆی تەنها یەک (کەناڵ)ەوە کۆتاییهات، بەڵام تەنها کەناڵەکە نەبوو، بەڵکو بەهۆی دروستبوونی وێنایەک بوو، کە دەیگوت: (ئەم وڵاتە ئیتر بەهێز نییە). ئەو ساتەی ئەم تێڕوانینە جێگیر بوو، پارە ڕایکرد، هاوپەیمانەکان کشانەوە و سیستەمەکە هەرەسی هێنا.
ڕای دالیۆ دەڵێت: ئێستا ڕەنگە هەمان شت بەسەر ئەمریکادا بێت.
✓ بۆچیی گەرووی هورمز هێندە گرنگە؟
(٢٠٪)ی دابینکردنی نەوتی جیهان بەم دەربەندەدا تێدەپەڕێت. نەوتی سعوودیە، ئیمارات، کوەیت و عێراق هەمووی لێرەوە دێت.
✓ ئەی چیی ڕوودەدات ئەگەر گەرووەکە دابخرێت؟
نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە. ئابووریی جیهان بەتەواوی پەککەوتە دەبێت. وڵاتانی کەنداو ناتوانن نەوت هەناردە بکەن. ئەوروپا تووشی قەیرانی وزە دەبێت. کارگەکانی ئاسیا دادەخرێن.
وەها بیهێنە پێش چاوی خۆت:
تەنها یەک تونێل لەسەر ڕێگایەکی خێرا هەیە. هەموو بارهەڵگرەکان بەو تونێلەدا دەڕۆن؛ خۆراک، سووتەمەنی، کەرەستەی خاو. کەسێک لەبەردەم تونێلەکە دانیشتووە و دەڵێت: (کەس بێ ئیزنی من تێناپەڕێت).
ئەمە ئەوەیە، کە ئێستا ئێران دەیکات.
دالیۆ دەڵێت: ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت ئەم تونێلە بکاتەوە، هەموو شتێک دەگۆڕێت.
✓ هاوکێشە مێژووییەکەی دالیۆ
دالیۆ مێژووی (٥٠٠) ساڵی ڕابردووی خوێندووەتەوە، سەیری هەڵکشان و داکشانی هەموو ئیمپراتۆریەتەگەورەکانی کردووە و شێوازێکی (نموونەیەکی) دۆزیوەتەوە:
شێوازەکە ئەمەیە: هەمیشە شتەکان بە هەمان شێوە کۆتاییان دێت.
زلهێزێک هەیە، کۆنترۆڵی پارەی جیهان و ڕێگا دەریاییەکان دەکات، هەمووان متمانەی پێ دەکەن. پاشان هێزێکی بچووکتر لەسەر ڕێگایەکی بازرگانی گرنگ تەحەدای ئەم زلهێزە دەکات. زلهێزەکە هەڕەشە دەکات و دەڵێت: (یان دەریاکان دەکەنەوە یان هێرشدەکەم).
هەموو جیهان چاوەڕێ دەکات.
ئەگەر زلهێزەکە ڕێگاکەی کردەوە، هێزەکەی جێگیر دەبێت و متمانە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر نەیتوانی، هەموو شتێک سەرەوژێر دەبێتەوە. متمانە دەڕوخێت، هاوپەیمانەکان دەکشێنەوە، پارە ڕادەکات، قەیرانی قەرز دەستپێدەکات و ئیمپراتۆریەتەکە دەڕوخێت.
پورتوگال، هۆڵەندا و ئینگلتەرا بەوشێوەیە کۆتاییانهات.
وەک دالیۆ دەڵێت: (کاتێک زلهێزەکان لە قەرزدا نوقمدەبن و ناتواناییان لە کۆنترۆڵی سەربازیی و دارایی دەردەکەوێت، چاودێری بکە چۆن متمانەی هاوپەیمان و قەرزدەرەکانیان لەدەستدەدەن، پێگەی دراوەکەیان، وەک دراوی یەدەگ لاواز دەبێت، بەتایبەت لە بەرامبەر زێڕدا).
✓ بارودۆخی ئەمریکا
قەرزەکان: (٣٨) تریلیۆن دۆلار.
سوودی قەرزەکان: ساڵانە زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلار (چارەکی باجەکان بۆ سوودی قەرز دەڕوات).
لە ڤێتنام دۆڕا، لە ئەفغانستان کشایەوە، بیست ساڵ لە عێراق بوو و پاشاگەردانییەکی گەورەی جێهێشت. ئێستا جیهان پێیوایە ئەمریکا ئیتر بەهێز نییە.
ئێستاش شەڕی ئێران دەکات.
ترەمپ چیی دەگوت؟ (ئەگەر مین بچێنن و دەستبەجێ لانەبرێن، لێکەوتە سەربازییەکان بێ وێنە دەبن).
بەڵام دالیۆ دەڵێت: (زۆرجار لە سیاسەتمەدارانی باڵای وڵاتانی دیکە دەبیستم، کە دەڵێن: ترەمپ بە باشی قسە دەکات، بەڵام کاتێک کار دەگاتە بنبەست، ئایا دەتوانێت شەڕ بکات و سەرکەوتوو بێت؟)
✓ خاڵی یەکلاکەرەوە:
تێبینییە گرنگەکەی دالیۆ ئەمەیە: لە شەڕدا، توانای بەرگەگرتنی (ئازار) گرنگترە لە توانای گەیاندنی (ئازار) بە لایەنی بەرامبەر.!
✓ ئێرانییەکان چیی دەکەن؟
هەوڵدەدەن شەڕەکە درێژە بکێشێت و پلە بە پلە فراوانی بکەن، چونکە دەزانن توانای گەلی ئەمریکا و سەرکردەکانیان بۆ بەرگەگرتنی ئازار و شەڕی درێژخایەن زۆر کەمە. پلانەکەی ئێران سادەیە: درێژکردنەوەی شەڕ و بەئازارکردنی، تا ئەو کاتەی ئەمریکییەکان دەکشێنەوە. ئەمە لە ڤێتنام و ئەفغانستان ڕوویدا. بۆ ئێرانییەکان ئەم شەڕە پرسێکی مان و نەمان و کەرامەتە، بەڵام بۆ ئەمریکییەکان پرسی نرخی سووتەمەنی و هەڵبژاردنەکانە. ئەم جیاوازییە دالیۆ دەترسێنێت.
✓ ئایا ڕێککەوتن دەکرێت؟
وەڵامی دالیۆ ڕوونە: نەخێر.
جا چ گەرووی هورمز لەژێر دەستی ئێراندا بێت یان لێی بسەنرێتەوە، قۆناغی داهاتوو خراپترین قۆناغی ململانێ دەبێت. بەیاننامەکەی ئێران دەڵێت: (هەموو دامەزراوەنەوتی، ئابووریی و وزەکانی ناوچەکە، کە هی ئەمریکان یان هاوکارەکانی، دەستبەجێ دەکرێنەخۆڵەمێش).
ئەم شەڕە کۆتاییە نزیکە. دالیۆ دەڵێت ئەنجامی ئەم شەڕە مێژوو سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.
ئەگەر ئەمریکا سەرکەوێت: متمانە بە دۆلار زیاد دەکات، هاوپەیمانەکان نزیکدەبنەوە و باڵادەستی ئەمریکا بەردەوام دەبێت.
ئەگەر ئەمریکا بدۆڕێت: دۆلار دەڕوخێت، نرخی زێڕ بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەبێتەوە، هاوپەیمانیی (بریکس) بەهێز دەبێت و چین دەبێتە جێگرەوە.
✓ پوختە:
ڕای دالیۆ دەڵێت: گەرووی هورمز تاقیکردنەوەی کۆتایی ئەمریکایە.
مێژووی پێنجسەد ساڵە هەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە: ئیمپراتۆریەتەکان کاتێک کۆتاییاندێت، کە ڕێگا بازرگانییەگرنگەکان لەدەستدەدەن.
پورتوگال کۆتاییهات. هۆڵەندا کۆتاییهات. ئینگلتەرا کۆتاییهات.
ئایا نۆرەی ئەمریکایە؟
وەڵامەکە لە (هورمز)دایە.
- وەرگێڕان لە یادگار عەلی