جام کوردی - ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، چوارشەممە ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە سەلامەتی منداڵان لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساز دەکات، ئەمەش لەسەر پاشخانی "کارەساتی قوتابخانەی میناب" لە ئێران.

ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی هەینی داهاتوو، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە سەلامەتی منداڵان لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام دەدات، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو بۆردومانە خوێناوییەی کە لە سەرەتای جەنگەکەدا قوتابخانەیەکی لە ئێران کردە ئامانج."

سیدھارتۆ ڕەزا سوریۆدیپۆرۆ، سەرۆکی ئەنجومەنەکە، لەبەردەم باڵاترین دەستەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی: "گفتوگۆکان باس لە پاراستنی منداڵان و دامەزراوە پەروەردەییەکان دەکەن لە کاتی ململانێ چەکدارییە نێودەوڵەتییەکاندا."

زیاتر وتی: "گفتوگۆکە لەسەر داوای وڵاتانی ئێران، چین و کوبا دەبێت و تیشک دەخاتە سەر هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر قوتابخانەیەک لە شاری میناب (باشووری ئێران)، کە لە یەکەم ڕۆژی جەنگەکەدا لە ٢٨ی شوبات ڕوویدا."

سومەیە کەریم دۆست، دیپلۆماتکاری ئێرانی، لە وتەیەکدا لەبەردەم ئەنجومەنەکەدا چوارشەممە، هێرشەکەی بە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ" وەسف کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد: "هێرشەکە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ١٦٨ منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان ٧ بۆ ١٢ ساڵدایە، و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری دیکە،" ڕوونیشیکردەوە: "ئەو سێ وڵاتەی داوای دانیشتنەکەیان کردووە، چاوەڕوان دەکەن ئەم بابەتە بەو بایەخ و جیدییەتە بەپەلەیەی کە شایستەیەتی، لە ناو ئەنجومەنەکەدا لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت."