جام کوردی - سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەمیری دەوڵەتی قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، جەختیان لە ڕەتکردنەوە و سەرکۆنەکردنی هەوڵەکانی فراوانکردنی مەودای ململانێ و جەنگ كردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ - چوارشەممە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەمیری دەوڵەتی قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، باسیان لە پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی بەردەوامیی جەنگ لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕەکانی وزە و زنجیرەی دابینکردن و بازرگانی جیهانی کرد.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، هەردوولا جەختیان لەسەر ڕەتکردنەوە و سەرکۆنەکردنی هەوڵەکانی فراوانکردنی مەودای ململانێ و جەنگ کردەوە، هەروەها تەئكیدیانکردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەشی عەرەبی لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییانەی کە لەم جەنگەوە سەرچاوەیان گرتووە.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختکرایەوە، لەسەر پاڵپشتی بۆ هەموو دەسپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان کە ئامانجیان چارەسەرکردنی ململانێیەکانە، ئەویش لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی بونیاتنەر کە بەشدار بێت لە ڕاگرتنی جەنگ و چەسپاندنی ئاسایش، جگە لە کارکردنی جددی بۆ بەهێزکردنی ئەو هەوڵانەی کە سەلامەتی جووڵەی دەریاوانی و ئاسمانی گەرەنتی دەکەن.