ئەم درزە قووڵەی نێوان واشنتۆن و ناتۆ نیشانەی شکستی ستراتیژیی ئەمریکایە لە بەرامبەر زیرەکیی سیاسیی تاران و بێوەفاییەکی دیاری نێوان هاوپەیمانە مێژووییەکانە.
لە شیکردنەوەیەکی تایبەتدا بۆ پەیامنێری "جام کوردی"، نووسەر و شیکەرەوەی سیاسی هاودەنگ محەممەد، تیشک دەخاتە سەر گرژییەکانی نێوان دۆناڵد تڕەمپ و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ سەبارەت بە دۆسیەی کۆماری ئیسلامی ئێران. ناوبراو پێیوایە تێڕوانینی تڕەمپ بۆ ئەم پرسە لەسەر بنەمای "هاوسەنگی هێز" و "بەرژەوەندیی ئابووری" داڕێژراوە.
بە بڕوای هاودەنگ محەممەد، تڕەمپ پێیوایە ئەمریکا قوربانییەکی بێوێنەی دارایی و سەربازی بۆ پاراستنی کیشوەری ئەوروپا دەدات، کەچی لە بەرامبەردا وڵاتانی ناتۆ نەک هەر هاوکاری ستراتیژیی واشنتۆنی نەکردووە لە پرسی ئێراندا، بەڵکو بەم شێوەیە ڕەفتاریان کردووە، کە بەردەوامبوون لە پشتگیریکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە تڕەمپ وەک ڕێککەوتنێکی شکست خواردوو دەیبینی.
لەلایەکی تر وڵاتانی ناتۆ لە هەوڵدا بوون بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی بازرگانی بە مەبەستی دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا لە سەر تاران، کە تڕەمپ ئەمە وەک "پشتگیریکردنی ئێران" ناو دەبات.
لە بەشێی تری قسەکانیدا شیکەرەوە سیاسیەکە ئاماژە بەوە دەکات" کە توڕەیی تڕەمپ تەنها سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندی دارایی هەیە. تڕەمپ چاوپۆشی ناکات لەوەی کە:
زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا پابەند نین بە خەرجکردنی %2ی داهاتی نەتەوەییان بۆ کاروباری بەرگری.
هەر بۆیە هاوپەیمانانی ناتۆ ئامادە نین بەشدارییەکی کاریگەر بکەن لە پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران، لە کاتێکدا زۆرینەی ئەو وزەیەی وڵاتانی ئەوروپا بەکاری دەهێنن لەو ناوچەیەوە دابین دەکرێت.
ئەوەش وای کردووە" تڕەمپ بێهەڵوێستی ناتۆ بەرامبەر تاران وەک 'بێوەفاییەکی سیاسی' بەرامبەر ئەمریکا ببینێت."
لە کۆتاییدا
هاودەنگ محەممەد دەڵێت: لە دیدگای تڕەمپدا، تاران سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەوەی لە هاوپەیمانەکانی هەبوو کە لەبری پەنابردن بۆ دیپلۆماسی و نەرمە هێز، لە بەرەی "فشاری توندی ئەمریکا" بووەستنەوە. ئەم جیاوازییەی تێڕوانین بووەتە هۆی دروستبوونی درزێکی قووڵ لە متمانەی سیاسی نێوان هەردوو جەمسەرەکەدا.