کۆمپانیای ئارامکۆ، سەرپەرشتی تەواوی زنجیرەی بەرهەمهێنان، پاڵاوتن، دابەشکردن و هەناردەکردنی نەوت و وزەی سعوودیە دەکات بۆ بازاڕە جیهانییەکان، ئەمساڵ بەهای بازاڕکردنی 781ملیار دۆلار بووە. سەر لە بەیانی ئەمڕۆ،کۆماری ئێران لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشی کردە سەر یەکێک لە پاڵاوگاکانی ئەو کۆمپانییە و تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی سعوودی هیچ ڕوونکردەوەکیان نەداوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئاگرێکی گەورە لە شوێنی ڕووداوەکە کەوتووەتەوە و کۆنترۆڵکراوە، بەڵام وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، کارەکانی پاڵاوگەکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون.
ئەم پەرەسەندنە کاریگەریی خێرای لەسەر بازاڕی وزە دروست کرد، بەجۆرێک نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە ڕێژەی زیاتر لە 7٪ بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی ساڵێکدا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی سعوودیە هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر هێرشەکە و ناسنامەی ئەنجامدەرانی بڵاونەکردووەتەوە.
ئارامکۆ بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین کۆمپانیاکانی جیهان دادەنرێت، بڕبڕەی پشتی ئابووری شانشینی سعوودیەیە. لە ساڵی 2010 بەھای بازاڕییەکەی بە حەوت تریلیۆن دۆلار خەمڵێندراوە و لە ساڵی 2018دا قازانجی ساڵانەی گەیشتووەتە 111ملیار دۆلار، کە ئەم بڕە یەکسانە بە کۆی قازانجەکانی هەر سێ کۆمپانیای (ئەپڵ، گووگڵ و ئێکسۆن مۆبیل) پێکەوە.