ئااماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ئەو وڵاتە خەریکە ئەو باڵادەستییە ناوازەیەی لەدەست دەدات کە لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە وەک تاقە جەمسەری جیهان هەیبوو. گۆڕانی ڕادیکاڵی لە نەخشەی هێزدا، دەرکەوتنی چین وەک ڕکابەرێکی ستراتیژی، هەڵکشانی ڕووسیا، و سەرهەڵدانی زلهێزە ناوچەییەکانی وەک ئێران و هیندستان، ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەوەی کە جڵەوی جیهان لە دەستی واشینگتن خلیسکاوە. تەنانەت ناوماڵی ئەوروپیش، کە ساڵانێک پاشکۆی بێ ئەملاولای ئەمریکا بوون، ئێستا لە ڕێگەی وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئیسپانیاوە بە "نەخێر" ڕووبەڕووی خواستەکانی ئەمریکا دەبنەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە تەنانەت هاوپەیمانە نزیکەکانیش چیتر ئامادە نین تێچووی سەرکێشییەکانی واشینگتن لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابین بکەن.

​یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم پاشەکشەیە، پەیوەستە بەو تێچووە زیادەڕۆ و جەنگە شکستخواردووانەی کە ئەمریکا لە دەیەکانی ڕابردوودا ئەنجامی دان. جەنگی عێراق و ئەفغانستان تەنها زیانی مرۆیی و دارایی نەبوون، بەڵکو گورزێکی کوشندە بوون لە متمانەی جیهانی بە توانای ستراتیژیی ئەمریکا. ئەو خەرجییە سەربازییە زەبەلاحانەی کە هیچ دەستکەوتێکی سیاسیی بەردەوامیان لێنەکەوتەوە، وایکردووە کە ناوخۆی ئەمریکاش تووشی دڵەڕاوکێ ببێت؛ بە جۆرێک کە ڕاپرسییەکان نیشانی دەدەن خودی هاووڵاتیانی ئەمریکیش پێشبینی تێپەڕاندنی وڵاتەکەیان لەلایەن چینەوە دەکەن. ئەم شکستانە وایکردووە جیهان بەرەو سیستمێکی "فرە جەمسەری" هەنگاو بنێت، شوێنێک کە چیتر تێیدا بڕیارەکان تەنها لە کۆشکی سپی مۆر ناکرێن.

​نموونەی زیندووی ئەم لاوازییە لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک گەرووی هورمزدا دەردەکەوێت. تێکچوونی سیستەمە هاوتەریبەکانی ئەمریکا لە بوارەکانی کەشتیوانی جیهانی و ئاسایشی وزە، دەری دەخات کە واشینگتن چیتر توانای کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئەم دەمارە هەستیارانەی نییە. کاتێک زلهێزە هەرێمییەکان دەتوانن بەرەنگاری هێزی دەریایی ئەمریکا ببنەوە و هاوکێشەی نوێ بسەپێنن، ئەوە مانای وایە "سەردەمی زێڕینی" باڵادەستیی ئەمریکا کۆتایی هاتووە. بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە تێبگەین کە "کۆتایی ئیمپراتۆریەت" بەواتای نەمانی ئەمریکا وەک دەوڵەت نایەت، بەڵکو بەواتای کۆتاییهاتنی ئەو قۆناغەیە کە تێیدا ئەمریکا تاقە بڕیاردەری چارەنووسی گەلان بوو. ئێستا جیهان لەبەردەم وەرزێکی نوێی مێژووە، کە تێیدا هێزەکان دابەش دەبن و ئەمریکاش دەبێت وەک یەکێک لە زلهێزەکان (نەک تاقە زلهێز) مامەڵە لەگەڵ واقیعی نوێدا بکات.