جام کوردی - 'چەندین کاتژمێر تێپەڕیوە بەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی کەناڵی (CNN)ی ئەمریکی سەبارەت بە مووشەکبارانی ئێرانی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە سعوودیە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی (١٢) سەربازی ئەمریکی و باری تەندروستی دووانیان ناجێگیرە. لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی واشنتۆنپۆست لە ماڵپەڕەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ژمارەی بریندارەکان (١٠) کەسن و بەهۆی بۆردومانە موشەکییەکەوە دوو فڕۆکەی ئەمریکی تایبەت بە تێکردنی سووتەمەنی لە ئاسماندا، لەناو بنکەکەدا تێکشکاون.
لەبەردەم شاشەکانی جەزیرە، عەرەبییە، ئەلحەدەس و سکای نیوز دانیشتووم و کۆنتڕۆڵم بەدەستەوەیە و لە نێوانیاندا دێم و دەچم، چاوەڕێم هیچ کامێکیان تەنانەت بە ئاماژەیەکی سەر شاشەش بێت باسی هەواڵەکە بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک نییە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە چەندین هەواڵی بەپەلەیان لەبارەی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر زانکۆیەک لە تاران یان تەقینەوەکانی سووریا بڵاوکردووەتەوە.
ئایا هەواڵە ئەمریکییەکە درۆیە؟ یان سەرنووسەرەکان هێشتا ڕەزامەندی سیاسییان لە بەرپرسێکی خەوتووەوە وەرنەگرتووە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕووداوێکی ئاوا گەورە (لە ڕووی ژمارەی بریندارە ئەمریکییەکانەوە)؟ یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی بۆردومانی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە (کەنداوی عەرەبی) لە کەناڵەعەرەبییەکانماندا قەدەغەیە؟!'
یادگار عەلی