بەگوێرەی داتا و ئامارەکان، کۆی گشتی زیانە داراییەکانی هەرێم لەم قۆناغەدا رۆژانە بە زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمهش جگە لەو زیانە کەڵەکەبووانەی بەر ژێرخانی پیشەسازی و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دەکەوێت.
بە گوێرەى زانیارییەکانى جــــــــام کـــــــوردی، گەورەترین پشک لە زیانەکان بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکان و مەترسیی بۆردومانی درۆنەکانەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل بووە، بە تەواوی ڕاگیراوە.
ئەم ڕاگرتنە گورزێکی گەورەی لە داهاتی هەرێم داوە، بەجۆرێک تەنها لەم سێکتەرەدا رۆژانە نزیکەی 16 ملیۆن دۆلار زیان تۆمار دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، مەترسییەکان بوونەتە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە سەرچاوەی سەرەکیی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبایە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی سێ هەزار مێگاوات.
هەر بە گوێرەى زانیارییەکان بەهای ئەو کارەبایەی ڕۆژانە لەدەست دەچێت بە زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار مەزندە دەکرێت، هاوکات حکومەتی هەرێم جگە لەوەی ناتوانێت کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکات، ڕۆژانە بڕی 8 ملیار دینار وەک داهاتی فرۆشتنی کارەبا لەدەست دەدات.
پەککەوتنی بازرگانی و گەشتیاری کاریگەرییەکان تەنها لە وزەدا قەتیس نەماون، بەڵکو جموجۆڵی بازرگانی و گواستنەوەشیان ئیفلیج کردووە.
بەهۆی داخستنی دەروازە سنوورییە سەرەکییەکانی (حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان) و دەروازەکانی دیکە، لەگەڵ ڕاگرتنی گەشتەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، داهاتی گومرگ و فڕۆکەخانەکان بۆ سفر دابەزیوە، ئەم پەککەوتنە ڕۆژانە بە زیانی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی گشتیی هەرێم ئەژمار دەکرێت.
جگە لەم زیانە داراییە ڕاستەوخۆیانە، دەرهاویشتەکان کاریگەریی قووڵیان لەسەر کەرتی پیشەسازی داناوە، بەهۆی نەبوونی کارەباوە، کارگە گەورەکان لە کار کەوتوون و بەرهەمهێنانی غازی ماڵان، نەفتا و سووتەمەنییەکانی دیکە وەستاوە، کە ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی خستووەتە سەرشانی هاووڵاتیان و بازاڕی ناوخۆ.
بە کۆکردنەوەی زیانی سێکتەرەکانی (نەوت، کارەبا، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان)، هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی دارایی خنکێنەردایە، کە تێچووەکەی لە هەر 24 كاتژمێرێکدا 25 ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت.