عەلی حەمەساڵەح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ جەنگی "ذات السلاسل"، خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ چەمکی "ئێرانی بوون" و ئەرکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو.
ئەو چیرۆکەی سەرۆکی رەوتی هەڵوێست باسی دەکات لە ساڵی (١٢)ی کۆچییەوە دەست پێ دەکات، کاتێک سوپای موسڵمانان بە ڕابەرایەتی "خالیدی کوڕی وەلید" ڕووبەڕووی گەورەترین هێزی ئەو سەردەمە، واتە ئیمپراتۆریەتی فارس بوونەوە. لە ناوچەی "کاظمە" (کۆێتی ئێستا)، جەنگێکی یەکلاکەرەوە ڕوویدا کە بە "معركة ذات السلاسل" ناسراوە؛
ناوەکەش لەوەوە هاتووە کە سەربازانی فارس قاچەکانی خۆیان بە زنجیر بەستبووەوە تا ڕانەکەن، چونکە دەیانزانی شکستی ئەم دەرگایە، شکستی تەواوی دەوڵەتەکەیە.
لەو جەنگەدا، "هورمز" فەرمانڕەوای فارسەکان لە عێراق، دوای ڕووبەڕووبوونەوە کوژرا.
ئەمڕۆ، یەکێک لە گرنگترین گەرووە ئاوییەکانی جیهان ناوی ئەو سەرکردە نەتەوەییەی فارس (هورمز)ی هەڵگرتووە،
کە ئەمەش نیشانەی زیندوویی فکری "ئێرانیەکان"ە تەنانەت لە نێو ئێرانی ئێستای موسڵمانیشدا.
سێ ڕەهەندی گرنگ لە تێگەیشتنی ستراتیژی ئێران هەیە،
یەکەم: ناونانی گەرووی هورمز بەناوی کەسایەتییەک کە لە پێناو خاکەکەیدا کوژراوە، ئاماژەیە بۆ پێشخستنی ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی مێژوو.
دووەم: وەک چۆن لە مێژوودا کەوتنی ئەو ناوچەیە بووە هۆی داڕمانی ناوچەکانی دیکە، ئێستاش گەرووی هورمز "خاڵی هێز" و هێڵی سووری ئێرانە.
سێیەم: زۆرێک لە نەیارانی ناوخۆیی ئێران، پێشتر لەگەڵ ئەوەی خوازیاری گۆڕانکاری بوون، بەڵام ئێستا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین ببنە لایەنگری داگیرکاری دەرەکی کە ژێرخانی وڵاتەکەیان تێکدەدات؛ ئەوان گۆڕانکارییان دەوێت بەڵام دژی داگیرکارین.
سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ئەم پاشخانە مێژووییە دەبەستێتەوە بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و پەیامێکی ڕاشکاو ئاراستەی هێزە سیاسییەکان و هاووڵاتیان دەکات و دەڵێت "دەکرێت بە هەموو تواناوە دژی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی بین و هەوڵی گۆڕینیان بدەین، بەڵام هەرگیز نابێت ببینە داردەستی بێگانە بۆ داگیرکردنی خاکەکەمان."
گەندەڵی و نادادی هۆکاری سەرەکی ڕووخانی ڕژێمەکانن لە مێژوودا، بۆیە دروستکردنی حوکمڕانییەکی پاک و دادپەروەر گەورەترین پڕۆژەی نیشتمانییە.
عەلی حەمەساڵەح جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی خاک پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە مێژوو، هەروەها جیاکردنەوەی ململانێی سیاسی ناوخۆیی لە ئەجێندای داگیرکاری دەرەکی، ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ بونیادنانی نیشتمانێکی بەهێز.