سەرەتا ئەبێ ئەوە بزانین ئەم چوار وڵاتەی کە ئێستا وەک "دەمڕاستی ئومەت" و "نێوەندگیر" خۆیان نیشان دەدەن، خاوەنی ئەرشیفێکی پڕ لە پێشێلکاری و پاشکۆیەتی (کلکایەتی) بۆ هێزە داگیرکەرەکانن. ئەم وڵاتانەی کە کار و هزریان "خۆڵەمێشییە"، لە کاتێکدا بە ناوی "هیلالی سوننی"یەوە دەردەکەون، کە چەندین مانگە نەیتوانیوە بەردێک بخەنە سەر بەرد بۆ هاوکاری ڕاستەقینەی خەڵکی غەزە.
بەپێی زانیارییەکان، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی (میسر، سعودیە، تورکیا و پاکستان)، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "بارگاویکراو" لە نێوان وەزیری دەرەوەی پاکستان و هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجامدراوە.
پەیامی ڕواڵەتی: جەختکردنەوە لە دیالۆگ و ڕێگریکردن لە شەڕی گشتگیر.
ئەوەی گرنگە ئەم چوارلایەنە نەک بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکە، بەڵکو بۆ فشارکردن لە ئێران کۆکراونەتەوە؛ بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و دەربازکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو تەنگەتاوییەی تێیکەوتوون.
چونکە رۆشتنی (بەدر عەبدولعاتی، فەیسەڵ بن فەرحان، و هاکان فیدان) بۆ پاکستان، وەک "کۆبوونەوەی ئاگرکوژێنەوە" وەسف دەکرێت. بەڵام لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەییانەوە، ئەمە زیاتر لە "پێشبڕکێیە لەگەڵ کات" دەچێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا. وا چاوەڕوان دەکرێت هەر یەک لەم لایەنانە "شاباش و نوقڵانەی" تایبەتی خۆیان لەلایەن ئەمریکاوە پێبدرێت ئەگەر بتوانن تاران ڕازی بکەن بە پاشەکشە و هێورکردنەوەی بەرەی بەرگری.
لە دەرئەنجامدا ئەگەینە ئەو راستیەی کە ئایا نێوەندگیری ئەم چوار وڵاتە دەبێتە هۆی ئاگربەستێکی ڕاستەقینە؟ یان وەک لە ناوەرۆکی ڕەخنەکاندا هاتووە، ئەمە تەنها هەوڵێکە بۆ شوشتنەوەی مێژووی "پاشکۆیەتی" و ڕزگارکردنی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیان؟ دوا ڕاستی تاڵ ئەوەیە: ئەم "هیلالە" نابێتە "مانگەشەوی ئومەت" تا ئەو کاتەی بە تەواوی خۆیان لە هەژموونی ئەمریکا ڕانەماڵن.