وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە لەبارەی تەندروستیی ڕێبەری نوێی وڵاتەکەوە بڵاوکراونەتەوە و جەخت لە بەردەوامیی کارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکاتەوە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ڕێبەری نوێ ڕایگەیاند: “قسەی زۆر لەبارەی تەندروستیی ڕێبەر دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە تەندروستیی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی زۆر باشە’

سەبارەت بە هۆکاری دیارنەمانی ڕێبەری نوێ لە چاوی میدیاکان و شوێنە گشتییەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە پەیوەندی بە بارودۆخی جەنگەوە هەیە و وتی: “شتێکی سەیر نییە کە لە کاتی جەنگدا، بۆ ماوەیەک ڕێبەر لە شوێنە گشتییەکان دەرنەکەوێت.”

بەقایی دڵنیایی دایە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی کە “سیستمی حوکمڕانی و بەرگریکردن لە وڵات بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر و نایاب بەڕێوەدەچێت” و هیچ لەمپەرێک لە بەردەم کارە کارگێڕی و سەربازییەکاندا نییە.