بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێشنیارە خۆراکییەکان بۆ پاراستنی تەندرو،ستی دڵ زۆرجار جەخت لەسەر کەمکردنەوەی خواردنی سۆدیۆم دەکەن. بەڵام شارەزایانی خۆراک هۆشداری دەدەن کە پۆتاسیۆم بەهەمان شێوە گرنگە و تەنانەت دەکرێت بە یەکەم ماددە دابنرێت بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن. چەندین توێژینەوە دەریخستووە خۆراکی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم و کەم سۆدیۆم یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن.

کاریگەری پۆتاسیۆم لەسەر دابەزاندنی پەستانی خوێن

پۆتاسیۆم و سۆدیۆم وەک تیمێک لە جەستەدا کار دەکەن و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی هاوسەنگی شلەکانی جەستە. ئەم هاوسەنگییە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پەستانی خوێن هەیە. کاتێک خواردنی ئەم دوو ماددەیە لە ئاستێکی گونجاودا بێت، ڕێژەی شلەکان لە جەستەدا هاوسەنگ دەمێننەوە.

پۆتاسیۆم هەروەها یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن بە زیادکردنی دەردانی سۆدیۆم لە گورچیلەکان. ئەم پرۆسەیە بۆ تەندرووستی گورچیلەکانیش سوودبەخشە. بەرزی پەستانی خوێن بۆ ماوەیەکی درێژ زیان بە خوێنبەرەکانی دەوروبەری گورچیلەکان دەگەیەنێت و توانای دەردانی خوێی زیادە کەم دەکاتەوە.

پۆتاسیۆم یارمەتی شلکردنەوەی ماسولکەکانی خوێنبەرەکان دەدات. ئەم شلبوونەوە لەسەر خوێنبەرەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرگری بەرامبەر سووڕی خوێن و لە ئەنجامدا پەستانی خوێن دادەبەزێت.

سەرچاوە خۆراکییە دەوڵەمەندەکانی پۆتاسیۆم بریتین لە:

1- مۆز

2- پەتاتە

3- کولەکە

4- گێزەر و شێلم

5- سەوزە گەڵادارەکان وەک سپێناخ و گەڵای چەوەندەر./.