نوێنەرانی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران پڕۆژەیاسایەکی نوێیان ژێر ناوی “کردەوەی ستراتیژی بۆ ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوامی ناوچەی کەنداو” ئامادە کردووە. ئەم پڕۆژەیە کە لە ٩ ماددە پێکهاتووە، دەسەڵاتێکی فراوان دەداتە حکومەت و هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا.
خاڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەیاساکە:
١. پشکنین و کۆنترۆڵی سەربازی:
بەپێی ماددەی ١، حکومەت بە هاوکاری هێزە چەکدارەکان پابەند دەکرێت بە ئەنجامدانی پشکنین، ڕێنمایی ناوبەری و هەڵسەنگاندنی ژینگەیی بۆ ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمز تێدەپەڕن. هەروەها مافی ڕێگریکردن یان دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییانەیان دەبێت کە سەرپێچی دەکەن.
٢. قەدەغەکردنی کەشتیی وڵاتانی دوژمن:
لە تەبەرەی ماددەی ١دا هاتووە، کەشتیی وڵاتانی “دوژمن” (جگە لەوانەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕەزامەندییان لەسەر بدات) ڕێگەیان پێنادرێت لە گەرووەکە تێپەڕن و هێزە چەکدارەکان دەبێت ڕێگرییان لێ بکەن.
٣. وەرگرتنی تێچووی هاتووچۆ بە “ڕیاڵ”:
حکومەت پابەند دەکرێت بە وەرگرتنی تێچووی خزمەتگوزارییەکانی ناوبەری لە کەشتییەکان بە دراوی “ڕیاڵی ئێرانی”. هەروەها دەبێت نرخەکان بە جۆرێک بن کە هێشتا گەرووی هورمز هەرزانتر بێت لە ڕێڕەوەکانی دیکە.
٤. بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان:
پڕۆژەکە پێشنیاری دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەت دەکات بۆ دابینکردنی بیمە و خزمەتگوزاری دارایی، کە تیایدا مامەڵەکان تەنها بەو “دراوە دیجیتاڵییانە” دەبێت کە بە هاوکاری کۆمپانیا ئێرانییەکان پەرەیان پێدراوە.
٥. سندوقی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کەنداو:
ماددەی ٨ وەزارەتی دارایی ڕادەسپێرێت بە دامەزراندنی سندوقێک بۆ ئاوەدانکردنەوە، کە سەرچاوە داراییەکانی لە “قەرەبووی شەڕ” و وەبەرهێنانی وڵاتانی هاوڕێ دابین دەکرێت.
هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
پڕۆژەکە ڕێگە دەدات کە ئەم خزمەتگوزارییانە بە هاوکاری وڵاتانی هاوڕێ و سودمەند لە گەرووەکە (وەک عومان) ئەنجام بدرێت، بەمەرجێک لەگەڵ دەستووری ئێراندا بگونجێت.