سعودیە
وەزارەتی بەرگریی سعودیە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، مووشەکێکی بالیستییان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی ناوچەی رۆژهەڵات کرابوو. هەروەها لە چەند کاژێری رابردوودا 5 درۆنیشیان تێکشکاندووە.
ئیمارات
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، بەرگریی ئاسمانییان رووبەڕووی 19 مووشەکی بالیستی و 26 درۆن بووەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون. روونیکردووەتەوە، لە دەستپێکی "دەستدرێژییەکانی" ئێران لە 28ـی شوباتەوە، کۆی گشتی 457 مووشەکی بالیستی، 19 مووشەکی کروز و 2038 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو سەرباز و کارمەندێکی گرێبەست، هەروەها 9 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 191ـی دیکەش برینداربوون کە خەڵکی وڵاتی جیاوازن.
بەحرێن
فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرێن (سوپا)، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە دەستپێکی "دەستدرێژییەکانی" ئێرانەوە، 188 مووشەک و 429 درۆنیان خستووەتە خوارەوە و تێکشکاندووە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 2 مووشەک و 10 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
فەرماندەییەکە داوا لە هەمووان دەکات، بۆ پاراستنی سەلامەتییان، زۆرترین رادە لە ئاگایی و وریایی بپارێزن و بە تەواوی لە شوێنە زیانلێکەوتووەکان و هەر تەنێکی گوماناوی دووربکەونەوە.
ئوردن
دەسەڵاتدارانی ئوردن رایانگەیاند، مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە و تێکشکاندووە کە لە ئێرانەوە ئاراستەی یەکێک لە پێگەکانی نێو شانشینەکە کرابوو. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا مامەڵەیان لەگەڵ 4 راپۆرت لەبارەی کەوتنەخوارەوەی پاشماوە و پارچەی مووشەک کردووە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددیی سنووردار هەبووە.
کوێت
وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا رووبەڕووی 2 مووشەک و 13 درۆنی "دووژمنکارانە" بوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەستپێکی گرژییەکانەوە، رووبەڕووی 664 درۆن، 312 مووشەکی بالیستی و 7 مووشەکی کروز بوونەتەوە.
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، وڵاتانی کەنداو و ئوردن رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران دەبنەوە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندین کەس و زیان گەیاندن بە دامەزراوە سڤیلەکان، لەوانە فڕۆکەخانە، بەندەر و باڵەخانەکان.
تاران دەڵێت، ئەم هێرشانە "بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج، وەک وەڵامێک بۆ "دەستدرێژیی ئیسرائیل و ئەمریکا."