دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ سەبارەت بە هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودی، سوپای پاسداران بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەم ڕووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی ئەوانەوە نییە.

سوپای پاسداران، لە ڕاگەیێنراوەکەیدا دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی ستراتیژی دوژمنی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، ئەم کارە بە دڵنیاییەوە پیلانێکی ئیسرائیلییەکانە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکان و نانەوەی ئاژاوە."

 

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە داوە پێشتر هۆشداری پێویست دراوەتە وڵاتانی دراوسێ و موسڵمان نەکەونە داوی "فیتنەی ئیسرائیل" کە ئامانجی تەنیا ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەیە.

 

ئێران لەم ڕاگەیێنراوەکەدا ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وەک باڵیۆزخانەی ڕیاز تاوەکو وا نیشانی بدات ئێران یان گرووپە هاوپەیمانەکانی ئەنجامیان داوە، بەمەش ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی پەلکێشی ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بکات.

 

سوپای پاسداران داوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا دەکات "وریا و بەئاگا بن" و ڕێگە نەدەن ئەمریكا و ئیسرائیل، نەخشەی لەناوبردن و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە جێبەجێ بکات.