سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشدارییەکی توند و بێپێشینە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لەبارەی لێکەوتە کارەساتبارەکانی هێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر.
عێراقچی لە پەیامێکیدا کە لە تۆڕی X بڵاویکردووەتەوە، ڕەخنەی لە دوو فاقیی وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت و پرسیاری کرد “تەوژمی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژئاواتان لەبیرە سەبارەت بە گرژییەکانی نزیک وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا؟”.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا بێدەنگن لە کاتێکدا ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ جاری چوارەم وێستگەی بوشەهریان بۆردومان کردووە.
جوگرافیای کارەساتەکە؛ تاران پارێزراوە و کەنداو لە مەترسیدایە
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی ستراتیژیی دا کە پەیوەستە بە ئاراستەی با و شوێنی جوگرافیی وێستگەکە.
عێراقچی ڕایگەیاند:هەر زیانێکی گەورە بە وێستگەی بوشەهر بگات، پاشماوە تیشکدەرەکان (Radioactive fallout) بڵاودەبنەوە، و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و ئاراستەی باوە، ئەم تیشکدانەوانە بەرەو تاران ناچن، پاشماوە تیشکدەرەکان کۆتایی بە ژیان لە پایتەختەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) دەهێنن.
عێراقچی مەبەستی بوو ئەوە ڕوون بکاتەوە کە وڵاتانی وەک سعوودیە، ئیمارات، کوێت و قەتەر ڕاستەوخۆ لەژێر هەڕەشەی ئەو تیشکدانەوانەدان کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە دروست دەبن، نەک ناوخۆی ئێران. ئەم لێدوانە وەک گوشارێکی سیاسی دەبینرێت بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە تا ڕێگری لە فراوانبوونی گرژییەکان بگرن