چاودێران پێیان وایە ترسی گەورەی کۆشکی سپی تەنها ونبوونی سەربازێک نییە، بەڵکو کەوتنیەتی بە دیل بۆ دەستی تاران، کە دەکرێت هاوسەنگیی هێز لە دانوستانە چاوەڕوانکراوەکاندا بەتەواوی بگۆڕێت و وێنەی "هێزی بێڕکابەر"ی ئەمریکا لە جیهاندا بشکێنێت.
عادل عەبدولقادر، شیکەرەوەی سیاسی تایبەت بە جـــام کــــوردی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا بەدرێژایی دەیان ساڵ، ملیۆنان دۆلاری بۆ دروستکردنی وێنەیەکی جیهانی خەرج کردووە کە تێیدا چەک و فڕۆکەوانەکانی وەک هێزێکی "بێهاوتا" نیشان بدات.
عادل عەبدولقادر وتیشی: "ئەگەر ئەم فڕۆکەوانە بکەوێتە دەستی ئێران، ئەو هێما و وێنەیە دەشکێت، ئەمەش نەک تەنها بۆ ناوخۆی ئەمریکا، بەڵکو بۆ هاوپەیمانەکانیشی پەیامێکی پڕ لە شکست دەبێت."
لە بەشێکی تری شیکارییەکەیدا، ئەو شیکەرەوە سیاسییە تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم ڕووداوە لەسەر مێزی گفتوگۆکان و باسی لەوە کرد کە بە دیل گرتنی فڕۆکەوانەکە بۆ تاران دەبێتە "کارتێکی براوە".
عادل عەبدولقادر ڕوونیکردەوە کە ئێران دەتوانێت ئەم دۆسیەیە بۆ کەمکردنەوەی سزاکان، ناچارکردنی ئەمریکا بۆ کشانەوە لە هەڵوێستە توندەکانی و دەستخستنی کاتی زیاتر بەکاربهێنێت.
سەبارەت بە کاردانەوەی چاوەڕوانکراوی واشنتۆن، عادل عەبدولقادر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بە ئەگەرێکی زۆرەوە پەنا بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی مەترسیدار دەبات بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە واشنتۆن هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە دەرکەوتنی فڕۆکەوانەکەیان بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە میدیاکانی ئێراندا، چونکە ئەو چرکەساتە بە واتای سەرکەوتنێکی گەورەی مەعنەوی بۆ تاران و دروستبوونی گەورەترین فشاری سیاسی بۆ سەر ئیدارەی ئەمریکا دێت لەم ساتی دانوستانانەدا.