​سەرکونسوڵی نوێی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی ئێستای وڵاتەکەی لەسەر سێ قۆناغی مێژوویی بونیاد نراوە، کە گەلی کوردیش بەهۆی نزیکیی کولتوورییەوە بە باشی لێی تێدەگەن:

​شارستانییەت (تەختی جەمشید و تاقوەستان): ڕەگ و ڕیشەی قووڵی شارستانییەتێک کە ملکەچی ناناسێت.

​ئایین و باوەڕ (هیهات من الذلة): عەقڵییەتێک کە تێیدا هیچ هێزێکی "فیل ئاسا" ناتوانێت ئیرادەی موسڵمانان بشکێنێت.

​حەماسە (شانامەی فیردەوسی): گەڕانەوە بۆ چیرۆکی کاوە و ڕۆستەم؛ کە تێیدا قبوڵکردنی زەلیلی مەحاڵە.

​لە بەشێکی هەستیاری قسەکانیدا، میرحوسەینی هۆشداریی دایە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند:

​"ئاسایشی ئێران هێڵی سوورە. هێزەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەو گرووپانەی دژی کۆماری ئیسلامین، لە هەر شوێنێکی ناوچەکە بن، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، وەک ئامانجێکی ڕەوای هێرشەکانمان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."

​ناوبراو ئاشکرای کرد کە تاران هیچ جۆرە چالاکییەکی سەربازی و هەواڵگریی ئەو لایەنانە لە نزیک سنوورەکانی قبوڵ ناکات و هێرشەکانیان بۆ سەر هەر شوێنێک لە چوارچێوەی "بەرگریکردن لە خۆ" و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەنجام دەدرێن.

​سەبارەت بە ئەگەری دانوستان و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، سەرکونسوڵی نوێی ئێران سێ مەرجی سەرەکی خستە ڕوو:

​یەکەم: دەبێت لایەنی دەستدرێژیکار بە کردەیی پەشیمانیی خۆی نیشان بدات.

​دووەم: پێشکەشکردنی گەرەنتی ڕاستەقینە بۆ دووبارە نەبوونەوەی هیچ جۆرە دەستدرێژییەک.

​سێیەم: پێویستە هەموو زیانە مادی و مەعنەوییەکانی ئەم جەنگە بدرێتەوە، وەک بەشێک لەو گەرەنتییەی کە ڕێگری لە تکراربوونی هێرشەکان دەکات.

​لە کۆتاییدا، میرحوسەینی پەیامی ئەوەی گەیاند کە ئەگەرچی ڕێز لە سەروەریی خاکی وڵاتان دەگرن، بەڵام بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و تاران لەم پێناوەدا ئامادەی هیچ جۆرە پاشەکشەیەک نییە.