جام کوردی – ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە ئێران لە پاش ئەم شەڕە دەبێتە هێزێکی جیهانی.

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ی ئەمریکی لە نووسینێکدا ڕایگەیاندووە کە شەڕی ئێستای ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئێران، ئەم وڵاتە دەکاتە هێزێکی گەورەی جیهانی.

لەو نووسینەدا هاتووە کە ئاڵۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێچەوانەی خوێندنەوەکان، تەنیا شەڕێکی ناوچەیی نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکە کە ئێران بەرەو بوون بە هێزێکی سەرەکی لە جیهاندا دەبات.

نووسەرەکەی نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە بنەمای سەرەکیی هێز لە جیهانی ئێستا لە سەر ئاسایشی وزە بونیات نراوە و بە پێی ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بۆ مانەوەی ئابوریی خۆیان بەسراوەی هەناردەی نەوت و غازن، هەر ئاڵۆزی و کێشەیەک لە بەردەم ئەم ڕێگایە و بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی، ڕاستەوخۆ سەقامگیری دارایی ئەوان دەکاتە ئامانج. لە کەشێکی ئاڵۆزی وەهادا، وڵاتانی ناوچەکە ناچار بە قبووڵکردنی سیستەمی نوێ دەبن، سیستەمێک کە دەبێت لە گەڵ وڵاتی ئێران لێکتێگەیشتنی تەواویان هەبێت، وڵاتێک کە دەتوانێت پرۆسەی ناردنی وزە لە سنورە ئاوییەکەیەوە تێکبدات یان دەستەبەری بکات، واتە ئەو وڵاتانە دەبێت سیاسەتی خۆیان لە گەڵ هێز و دەستڕۆیشتوویی ئێران ڕێکبخەن.

لە درێژەدا نووسەر جەختی لە سەر لێکەوتە جیهانییەکانی ئەم گۆڕانی هاوسەنگییە کردووەتەوە و پێی وایە کە کاریگەرییەکانی زیاتر لە کیشوەری ئاسیا هەستی پێدەکرێت. بە پێی ئەوەی کە ژێرخانەکانی وزە لە وڵاتانی وەک ژاپۆن، کۆریای باشور، هیندستان و تەنانەت چین بە شێوازێکی بەرچاو گرێدراوی بازاڕی وزەی ناوچەی کەنداوی فارسە، بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەکان دەبێتە هۆی لاوازبوونی دراوە نیشتمانییەکان، بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و گەڕانەوە بۆ سەردەمی تاڵی قەیران و هەڵئاوسانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ئاستی جیهانی.

لەم نێوەندەدا پێکەوەبوونێک لە نێوان ئێران، ڕووسیا و چین دێتە پێشەوە، لە کاتێکدا کە ڕووسیا سوود لە بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبینێت و چین هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی وزەی خۆی دەدات، ئێران بە کارتی گوشاری ستراتیژیی گەرووی هورمز، ڕۆڵێکی سەرەکی لەم سێگۆشەیەدا دەگێڕێت. ئەم پێکەوەبوونەی بەرژەوەندییەکان، تەنانەت بە بێ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکی فەرمی، کێشە دەخاتە بەردەم پێکهاتەی هێزی وڵاتانی ڕۆژئاوا و سیناریۆیەکی مەترسیدار دەهێنێتە پێشەوە کە تێیدا کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری وزەی جیهان دەکەوێتە ژێر دەستی ئەم بەرەیە و دەستڕۆیشتوویی ئەمریکا و ئەورووپا بە شێوازێکی کەم وێنە دادەبەزێت.

لە کۆتاییدا، نووسەر کێشەکانی بەردەم ئەمریکا لە دووڕیانێکی چارەنووسسازدا پێناسە دەکات: یان شەڕێکی درێژخایەن و پڕ لە مەترسی بۆ وەرگرتنەوەی کۆنتڕۆڵی سەربازیی ڕێڕەوە ئاوییەکان و یان قبووڵکردنی ڕاستییەکانی سیستەمی نوێی جیهانی کە تێیدا ئێران وەک سەنتەری چوارەمی هێز لە گەڵ زلهێزەکانی دیکە سەریهەڵداوە. لە ڕوانگەی ئەم نووسینەوە، گۆڕانکارییەکانی ئێستا بێ گەڕانەوەیە و تەنانەت لە ئەگەری لێکتێگەیشتن یان ڕێکەوتن، ئەمریکا دەبێت تێچوویەکی قورس بۆ ڕێکەوتن لە گەڵ ئێرانێک بدات کە ئێستا پێگەی خۆی لە ئاستی هێزی جیهانیدا سەقامگیر دەکات.

نووسینەکە بە گشتی هۆشداری دەدات کە سیستەمی نێودەوڵەتی لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکی قووڵدایە و شەڕی ئێستا، نەک کێشەیەکی کاتی، بەڵکوو خاڵێکی وەرچەرخانە کە جوگرافیای سیاسیی جیهان بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دادەڕێژێتەوە.