جام کوردی - ساڵی ٢٠١٨ کاتێک سەردانی بارەگای سەرەکی ویلایەتی مۆنتانامان کرد، پێش “سەلام و کەلام” یەکەم قسەی حاکمی ویلایەتەکە ئەوەبوو:” ئێمە وەک سەرۆک ترەمپ بیر ناکەینەوە، رێز لە ئازادی بیروڕا دەگرین.”

هەر لەو ماوەیەدا کە لەوێ بووین، رۆژنامەی نیۆرک تایمز راپۆرتێکی بڵاو کردبوویەوە” راوێژکارەکانی متمانەیان پێی نییە و واژۆی گرنگ ناخەنە بەردەست ترەمپ.”

ئەم راپۆرتە گڕی لە ترەمپ بەردا، هاتە سەر تەلەفزیۆن و هێرشیکردوە سەر نیۆرک تایمز و بەدرۆزن وەسفیکرد، پاشان ژمارە تەلەفۆنی نیۆرک تایمزی بڵاو کردەوە و وتی” خەڵکینە جنێو بەم میدیا درۆزنە بدەن.”

پاشان نیۆرک تایمز، هەواڵێکی تری بڵاو کردەوە و رایگەیاند” خەڵکێکی زۆر تەلەفۆن دەکەن و دەستخۆشی دەکەن لەسەر ئەوەی بڵاومان کردووەتەوە.

ترەمپ لە قۆناغی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، هەندێک خەڵکی بەهێز لەنێو ئیدارەکەیی و دەوری بوون، رێگەیان نەدەدا هەندێک شت بکات، بەڵام ئەمجارە هەرچی خەڵکی لاواز و گوێڕایەڵی خۆیەتی هێناویەتی، تەنها “ ئەشهەد و بیلا” ی بۆ دەکەن.

بۆیە ئێستا لەرووی جەماوەرییەوە دۆخی ترەمپ هێندە خراپە، دووچاری کاردانەوە بووە. رایەک هەیە زۆر جوانە، دەوترێ ترەمپ پۆپۆلیستە و خەڵک لەدەوری کۆبوویەوە، بۆیە بواری پێدرا بۆ هەڵە کردن، تا نەبرەی پۆپۆلیستی زاڵ نەبێت و لەترەمپدا کۆتایی پێبهێنرێ، تا چیتر خەڵک بەم نەبرەیە فریو نەخوات، بەڵێنی قەبەی پێبدرێت و دواتر پێچەوانەکەی بکرێ!

لەهەمووی نوکتەتر ئەوەیە، ئەمەریکا گیرۆدەی دەست ترەمپ و عەقڵیەتی ترەمپیزم بووە، کەچی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا دەزانرێ ئەوەی ترەمپ دەیکات پلان و ستراتیژی دەوڵەتی قوڵی لە پشتەوەیە!

دڵشاد ئەنوەر