شێرکۆ سەعید - شیکەرەوەی سیاسی لە سلێمانی.
لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە وەک تەنزێکی سیاسی خۆی دەسەپێنێت؛ ئەگەر مەبەست لە کردنەوەی گەرووەکە ئاساییکردنەوەی هاتوچۆ بێت، مەگەر پێش هەڵگیرسانی ئەم جەنگە گەرووی هورمز هەر کراوە نەبوو؟
ئەم جۆرە مەرجەی ترەمپ، زیاتر لە هەوڵێک دەچێت بۆ کڕینی کات یان دووبارە پێناسەکردنەوەی "دۆخی ئاسایی" وەک دەستکەوتێکی نوێ بۆ ئیدارەکەی.
لە بەرامبەردا، میدیا فەرمییەکانی ئێران بە جۆش و خرۆشێکی جیاوازەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن و ڕایدەگەیەنن کە "ئەمەریکا بە مەرجەکانمان ڕازی بوو و شەڕ ڕادەگرێت." ئەم گوتارە نیشانەی ئەوەیە کە تاران ئاگربەستەکە بە پاشەکشەیەکی کاتیی واشنتۆن و سەرکەوتنی ئیرادەی خۆی و پاشەکشەی زلهێزێک وێنا دەکات.
ئەوەی لەم نێوەندەدا دەبینرێت، جەنگێکی ساردە لەناو جەنگێکی گەرمدا. ترەمپ دەیەوێت "کراوەبوونی" گەروویەکی هەمیشە کراوە وەک مەرجێکی سەپێنراو نیشان بدات، و ئێرانیش دەیەوێت "وەستانی کاتیی" هێرشەکان وەک چۆکدادانی ئەمریکا بە بازاڕ بکات. لە کۆتاییدا، ئەم دوو هەفتەیە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دەبێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەمە تەنها پشوویەکی جەنگە بۆ خۆڕێکخستنەوە، یان سەرەتایەکە بۆ دابەزین لە دارە بەرزەکەی هەڕەشەکان.