دەقی بەیاننامەکە:
بسم الله الرحمن الرحیم
وَمَا النَّصْرُ إِلَّا مِنْ عِنْدِ اللَّهِ الْعَزِيزِ الْحَكِيمِ
(سورة آل عمران/ ئایەتی ۱۲۶)
سەرکەوتن و نوسرەتی خودایی بە تێکۆشان، ئیخلاس، سەبر و خۆڕاگری و بە ویستی خودا بەدی دێت. ئێمە ئەم سەرکەوتنە کە بریتییە لە سەپاندنی ئیرادەی موجاهیدانی ئیسلام بەسەر سەنگەری کوفر، فەساد و زوڵمی ئەمریکی-سەهیۆنی، لە حزوری پیرۆزی حەزرەتی وەلی عەسر (عج)، گیانی ئیمامی شەهیدمان ئایەتوڵڵا ئەلعوزما ئیمام خامنەیی (رضوان الله تعالی علیه) و هەروەها لە هەموو ئازادیخوازانی جیهان، ئومەتی ئیسلام، بەرگریی ئیسلامی و گەلی ئازیزی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق کە هەمیشە لە پشت سەنگەری ئێرانی ئیسلامییەوە پشتیوان بوون، پیرۆزبایی دەکەین.
ئەمە فەرموودەی قورئانی پیرۆزە کە دەفەرموێت: «يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ امَنُواْ لَا تَتَّخِذُواْ عَدُوِّي وَ عَدُوَّكُمۡ أَوۡلِيَآءَ...» (سورة الممتحنة/ ئایەتی ١).
ئێستا کە ڕاگرتنی هێرشەکان بە پشتبەستن بە مەرجەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکردووە و ئینشائەڵڵا دەبێتە هۆی بەدیهاتنی هەموو داواکارییەکانی ئێرانی ئیسلامی؛ پێداچوونەوە بە سیاسەتی ناوچەیی هەندێک لایەن و وڵاتی ناوچەکە لە بەرامبەر دەسەڵات و مەنتیقی ئێراندا پێویستە. هاوپەیمانیی هەندێک وڵاتی ناوچەکە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل نیشانی دا کە ئەوان لە مەنتیقی ئیمان دوورکەوتوونەتەوە و کەوتوونەتە باوەشی زوڵم و کوفرەوە. هەروەها ئەم جەنگە دەستی پیسی هەندێک لە دارەدەستەکانی تری دوژمنیشی ئاشکرا کرد.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەک زمانی شەیتان، خۆی ڕیسوا کرد؛ و لە وتارەکەی ئەم دواییەیدا، بە ئاشکرا باسی لە هاوپەیمانی و هاوکاریی هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەندێک لە ڕەوتە (دژبەر و جوداخوازە) کوردییەکانی ناوچەکە کرد.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە بە برایانی عێراقی لە بەغدا و هەرێمی کوردستانی ڕادەگەیەنێت کە بوونی گروپە تیرۆریستییە دژبەرەکان -ئەم بەکرێگیراوانەی دوێنێی حزبی بەعس و بەکرێگیراوانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ڕژێمی سەهیۆنی- لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە دۆسیەیەکی زۆر قورسیان لە تیرۆر، تاوان، سیخوڕی و کردەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ دژی گەلی ئێران (لە کورد و فارس و...) هەبووە، نەک هەر تێگەیشتنی چەوتی لە پەیوەندییە باشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زیاد کردووە، بەڵکو جگە لە نائارامی و تەنانەت خیانەت بە هەرێمی کوردستانی عێراق، هیچی تری لێ شین نەبووە. ئەم ڕاستییە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی سێ قۆڵیی نێوان ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا چەندین جار ڕەزامەندی لەسەر دراوە و جەختی لێ کراوەتەوە.
قسەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ڕوونی نیشانی دا کە ئەو گروپانەی ئاماژەیان پێکرا، بەپێچەوانەی بانگەشەی هەندێک ناوەند، پەنابەری ئاسایی نین، بەڵکو گروپگەلێکی چەکدار، بەکرێگیراو و تیرۆریستین لە خزمەت ئامانجە ئەمریکی-سەهیۆنییەکان دژی ئێران.
بوونی ئەم گروپە بەکرێگیراوە جوداخوازانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە کاتێکدا بە تەواوی چەکدارن و ڕۆژانە لە بانگەشە سیاسییەکانیاندا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، خاکی ئێران بە هێرشی سەربازی، ئاژاوەگێڕی و دروستکردنی گرژی و... هەڕەشە لێ دەکەن، هەروەها لە کردەییدا چەندین جار پارێزەرانی ئاسایشی خەڵک و هێزە سنوورییەکانی ئێرانیان داوەتە بەر پەلامار و تیرۆر، چ پەیامێکی دەبێت بۆ حکومەت و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێران؟
قسەکانی ترەمپ نیشانی دا کە ئەم گروپانە چۆن لە پەنهانیدا دەستیان خستووەتە ناو دەستی ئەمریکا و ڕژێمی سەهیۆنی و وەک یەکەیەکی تیرۆریستی لەلایەن هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکی-سەهیۆنییەوە بۆ دروستکردنی نائارامی، ئاژاوە و هێرشی سەربازی و... لە ئاراستەی پیلانەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناوچەکە بەکاردەهێنرێن.
ئێمە ئومێدی تەواومان هەیە کە سەرکردە ڕێزدارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەنگاو بنێن بۆ پێداچوونەوە بە بوونی تێکدەرانەی گروپە چەکدارە تیرۆریستە تاوانبار و نیشتمانفرۆشەکان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا. ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ دادگاییکردن و دەرکردنیان بە تاوانی سیخوڕیکردنی ئاشکرا بۆ ئەمریکا و ڕژێمی سەهیۆنی.
لەم پێناوەدا، ئەرکی سەرشانی هەموو نووسەران، ڕۆشنبیران، مامۆستایانی زانکۆ، پێشنوێژ و وتارخوێنان، بەرپرسانی حزبی، میدیاکان و ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخواز و بێلایەن و هەروەها هەموو تاکەکانی گەلی شەریفی هەرێمی کوردستانە کە بۆ پاککردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە شەڕی ئەم خاینانە -کە نەک هەر خیانەتیان لە گەل و نیشتمانی خۆیان کردووە، بەڵکو لە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕژێمی سەهیۆنی خیانەتیان لە خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقیش کردووە- بێنە دەست.
کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران - هەولێر
١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥