بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بە نێوەندگیریی پاکستان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاند و ئێرانیش لە بەرامبەردا گەرووی هورمز دەکاتەوە. ئەمەش کاردانەوەی ئەرێنیی ناوچەیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و عێراق پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات.

لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند: پێشوازی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین و بە گەشەسەندنێکی گرنگی دادەنێین کە دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.


- پێویستە ئەم هەنگاوە بقۆزرێتەوە بۆ بەهێزکردنی ڕێڕەوی گفتوگۆی دیپلۆماسیی بونیادنەر و پشت بە لۆژیک و لێکتێگەیشتن  و ڕێگە چارەی ئاشتییانە ببەسترێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پەنا نەبردن بۆ هێز.

- هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی بونیادنەر کە یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ کێشەکانی وڵاتانی ناوچەکە.

- سەرۆککۆماری عێراق لە ڕاگەیێنراوەکەدا جەختی کردەوە، ناوچەکە پێویستییەکی زۆری بە یەکخستنی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەیە لەپێناو چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و پاراستنی سەروەریی دەوڵەتان و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی ئارام و گەشاوە بۆ گەلانی ناوچەکە.