خوڕەمی ئاماژەی بەوە کرد کە گرنگی گەرووی هورمز بۆ لایەنە شەڕکەرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەموو کاتێک زیاتر دەرکەوتووە. داخستنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە کە یەک لەسەر پێنجی بازرگانی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، کاریگەریی ڕاستەوخۆی خستە سەر ئابووری ئەوروپا و وڵاتانی ناتۆ.
بە وتەی ناوبراو، "ئەمە وایکرد وڵاتانی ئەوروپی نەک هەر هاوکاری ئەمریکا نەکەن، بەڵکو نیگەرانییەکی قووڵیان لا دروست بێت لە تێکچوونی ئاسایشی وزە."
لە وەڵامی پرسیاری کێ لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بوو، ڕەسول خوڕەمی وتی:
"ئەگەرچی ئەمریکا گەیشتە هەندێک ئامانجی سەربازی، بەڵام ئەگەر بە وردی سەیری هاوکێشەکە بکەین، دەتوانین بڵێین ئێران براوەیەکی 'تۆختر'ە. سەرەڕای زیانە ئابوورییەکان و لێدانی هەندێک ژێرخان، ئێران توانی لە بەرامبەر هاوپەیمانییەک لە ئەمریکا، ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبی خۆڕاگر بێت.
ئەم خۆڕاگرییە پێچەوانەی پێشبینییەکانی وڵاتانی وەک فینلاند بوو کە پێیان وابوو بە چەند موشەکێک دەسەڵاتی ئێران هەرەس دەهێنێت."
لە کۆتاییدا خوڕەمی جەختی کردەوە کە گۆڕانکارییەکان لە ناوخۆی ئێراندا هەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئێستادا مایەوەو ململانێکان نەیانتوانیوە سیستەمەکە بڕوخێنن.