​زیرەک کەمال پێیوایە دۆخەکە هێندە ئاڵۆزە کە لە ئێستادا هیچ لایەک ناتوانێت بە ڕوونی دیمەنی کۆتایی ببینێت. ئەو دەڵێت:

​"ئەم پڕۆسەیە زۆر ئاڵۆز و تەمومژاوییە، بەجۆرێک کەس ناتوانێت بە وردی و ڕوونی بەردەمی خۆی ببینێت. هەر لایەنە و لای خۆیەوە کارەکتەرەکانی بە پاڵەوان دەزانێت، بەڵام هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی ئەم شەڕە."

​لە بارەی دەرەنجامی ئەم شەڕە و ناسنامەی براوە و دۆڕاو، ئەم چاودێرە سیاسییە ڕایگەیاند کە هیچ لایەنێکی سەربازیی بە براوەی ڕەها دانانرێت، بەڵکو زیانمەندی یەکەم مرۆڤایەتییە:

​دۆڕاوی یەکەم: گەلانی ناوچەکە و دەڤەرەکەن (بە گەلی ئێرانیشەوە).

​زیرەک کەمال ئاماژەی بە جیاوازیی دیدگای هەردوو جەمسەری ململانێکە کرد و وتی:

​بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل: ئەم بەرەیە نایانەوێت بەبێ ئەنجامێکی گەورە لەم ململانێیە بێنە دەرەوە.

​کۆماری ئیسلامی ئێرانیش  وەک شەڕی "مان و نەمان" سەیری دۆخەکە دەکات. هێزێک کە بەم دیدگایەوە بجەنگێت، ئیرادەیەکی پۆڵایین، کرداری مەیدانی و ئامادەیی بۆ "جانفیدایی" تێدایە، هەر بۆیە ئێرانییەکان بە هەموو قورساییەکەوە بەرگری لە مانەوەی خۆیان دەکەن.

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا زیرەک کەمال پێشبینی دەکات کە لە کاتژمێر و ڕۆژانی داهاتوودا ئەم ململانێیە بەردەوام بێت، بەڵام ڕەنگە شێواز و کەرەستەکانی گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و بە جۆرێکی دیکە درێژەی هەبێت.