میدیا نێودەوڵەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە چەند کەشتییەکی هێزی دەریاییی ئەمریکا ڕۆژی شەممە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، ئەو ناوچەیەی کە یەکێکە لە هەستیارترین ڕێگاکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ئەو کەشتییانە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا تێپەڕین و پاشان گەڕاونەتەوە بەرەو دەریای عەرەبی. ئەم جوڵانە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ناوچەکە هێشتا بەهۆی ئالۆزییە سیاسی و سەربازییەکانەوە هەستیارە.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا دان بەوەدا ناوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بێ هەماهەنگی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامدراوە، ئەمەش لە ڕوانگەی چاودێرانی ناوچەییەوە دەتوانێت بە هەنگاوێکی پڕ مەترسی و هەڵبژاردنی ڕێگای فشاردان لێک بدرێتەوە.

لە هەمان کاتدا، ئەمریکا بانگەشەی کردووە کە ئامانجی سەرەکی ئەم ئۆپەراسیۆنە «پاراستنی ئازادی گەشتکردن لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان» بووە، بەڵام زۆرێک لە شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم جۆرە هەنگاوانە دەتوانن هۆکاری زیادبوونی ئاڵۆزییەکان بن لە ناوچەکەدا.