ئەمڕۆ شەممە ١١ـی نیسانی ٢٠٢٦، ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، دوای کۆبوونەوە و راوێژە سەرەتاییەکان، ئێستا گفتوگۆی نێوان شاندەکانی تاران و واشنتن چووەتە قۆناغێکی نوێوە. هەردوولا لە باسکردنی سەرەتا و گشتییەکان تێپەڕیون و لە هەندێک بابەتی دیاریکراودا چوونەتە ناو قووڵایی پرسە تەکنیکییەکان.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، ئێستا پسپۆڕانی هەردوولا سەرقاڵی وردبینیکردن و تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی هەندێک پرسی گرنگن کە لە مێزی دانوستانەکاندان.

سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی دانوستانەکان، تەسنیم ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە بڕیار وابوو دانوستانەکان تەنیا بۆ یەک رۆژ بێت، بەڵام بەهۆی چڕیی پرسەکان، ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە بۆ رۆژێکی دیکە درێژ بکرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردووەتەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر درێژکردنەوەی کاتەکە نەدراوە.

هەروەها رۆیتەرز رایگەیاندووە، دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان شاندی ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بوون و ئێستا بۆ پشوویەکی کورت ڕاگیراون.