جام کوردی - گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وردەکاریی یەکێک لە درێژترین و چڕترین خولەکانی دانوستاندنی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکای لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان ئاشکرا کرد و دەڵێت، سەرەڕای گفتوگۆیەکی بەردەوام، بەهۆی ''قووڵیی ناکۆکییەکان''ەوە لەسەر چەند بابەتێکی سەرەکی، نەگەیشتنە رێککەوتن.

 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12-04-2026 قسەی بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی کرد و تیشکی خستە سەر نێوەرۆکی دانوستاندنەکەی ئیسلام ئابادی پاکستان، کە لەسەر چەند پرسی گرنگ، لەوانەش کردنەوەی تەنگەی هورمز و پرسی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەچوو.

بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گەڕەی دانوستاندن، ''درێژترین'' گەڕ بووە و بەگشتی نزیکەی 24 بۆ 25 کاژێر ''بەبێ وەستان'' لە بەیانیی دوێنێوە بە گۆڕینەوەی پەیامی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بووە.

10 خاڵەکەی ئێران و "گرێکوێرەی" دانوستاندنەکان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، گفتوگۆکان لەسەر کۆمەڵێک پێشنیاز بوون کە پێشتر لە پێشنیازی هەردوو لا خراونەتەڕوو؛ ''باس لەو پێشنیازە 10 خاڵییە کرا کە ئێمە پێشکێشمان کردبوو، لەگەڵ ئەو خاڵانەی لایەنی بەرامبەر هەیبوو.''

بەگوتەی بەقایی، لەسەر کۆمەڵێک بابەت گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، ''بەڵام سەبارەت بە دوو یان سێ بابەتی زۆر گرنگ، بۆچوونەکان لە یەکدییەوە دوور بوون و لە کۆتاییدا نەگەیشتینە رێککەوتن.''

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد کە ئەمجارە "بابەتی نوێ" هاتوونەتە نێو ئەجێندای دانوستاندنەکان، ''وەک بابەتی (تەنگەی هورمز) و دۆخی ناوچەکە، کە ئەمانەش ئاڵۆزیی زیاتریان بە پرۆسەکە بەخشیوە''

"دیپلۆماسی لە کاتی جەنگ و ئاشتیدا بەردەوامە"

سەبارەت بەوەی ئایا شکستی ئەم گەڕەی دانوستاندن بە واتای کۆتاییهاتنی دیپلۆماسی دێت؟ بەقایی جەختی لەوە کردەوە، "دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایات و وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە هەموو دۆخێکدا، چ جەنگ و چ ئاشتی، بەردەوام دەبێت.''

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رێکنەکەوتنی تاران و واشنتن بە ''ئاسایی'' دەزانێت و دەڵێت، "ئەم گفتوگۆیانە دوای 40 رۆژ لە جەنگێکی سەپێنراو و لە کەشێکی پڕ لە بێ متمانەیی و گوماندا کران؛ بەتایبەت کە لایەنی ئەمریکی بۆ دووەم جار لە ماوەی 9 مانگدا لەگەڵ رژێمی زایۆنی دەستدرێژیی سەربازی کردووەتە سەر ئێران؛ بۆیە ئاساییە لە یەک دانیشتندا نەگەینە رێککەوتن."