رۆژی یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026 فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران توانی ئەو بابەتەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە ناونیشانی 'گۆڕینی رژێم' دەستیان پێکردبوو، بگۆڕێت بۆ "چەسپاندنی سەروەریی ئێران لە تەنگەی هورمز، ئەوەش دەستکەوتێکی زۆر گرنگە بۆ ئێران."
 
بە گوتەی موهاجیرانی، سەرەڕای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کاریگەرەکان لە بوارەکانی سەربازی و دیپلۆماسی، دەسەلاتی ئێران بەردەوام بوو لە کارەکانی. گوتیشی: "ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم سیستمە گەیشتووەتە قۆناخێکی وا پێگەیشتوو کە بەم رووداوانە تووشی داڕمان نابێت."
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی توانیویەتی تواناکانی لەڕووی جوگرافی و جیۆپۆلەتیکییەوە بەکاربهێنێت و لە شەڕدا پێگەی خۆی بە بەهێزی بهێڵێتەوە. راشیگەیاند: "دووژمن نەگەیشتە هیچ کام لە ئامانجەکانی، بۆیە داوای ئاگربەستی کرد."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا،  فاتیمە موهاجیرانی گوتی: "ئێمە شەڕمان دەستپێنەکرد، ئەوان دەستیان پێکرد و هەوڵیان دا بە تیرۆرکردنی ئامانجە سەربازی و دیپلۆماسییەکان، سیستمەکە بڕووخێنن، بەڵام دواجار نەگەیشتنە ئامانجەکانیان."
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە بەرامبەر وڵاتێکدا کە خۆی بە هێزی بێ رکابەری سەربازی جیهان دەزانێت، "سەری دانەواند" و 40 رۆژ بەرگرییەکی کەم وێنەی کرد، کە دواجار لایەنی بەرامبەری ناچار کرد داوای ئاگربەست بکات.
 
موهاجیرانی دووپاتی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەیی تەواودان و دیپلۆماسیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەردەوامە و خەڵکی ئێرانیش لە شەقامەکانەوە پشتیوانی لەم دوو ستراتیژە دەکەن.