بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی رای الیوم کە لە لەندەن نوێ دەکرێتەوە، وتارێکی عەبدولباری عەتوان سەرنووسەری ڕۆژنامەکەی سەبارەت بە شیکردنەوەی ڕووداوەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا و بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئێران بڵاوکردەوە، هەروەها هەندێک لایەنی شاراوە و سانسۆرکراوی زیان و لێکەوتەکانی ئەم شەڕەی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی گێڕاوەتەوە.
سەرنوسەری ڕۆژنامەی ڕای الیوم نووسیویەتی: لە ئەزموونی 40 ساڵەی ڕۆژنامەنووسی و نووسەری و بەدواداچوون بۆ پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکان، هیچ سەرۆکێکم نەبینیوە لە ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، گەندەڵتر و درۆزنتر بێت. ئەم کەسە لە لێدوانە دژبەیەکەکانیدا هەموو جیهان و مرۆڤەکانی تێپەڕاندووە. بە تایبەت لە سەردەمی ئێستادا، پێش و لە کات و دوای ئەو شەڕەی کە وڵاتەکەی هاوشانی ڕژێمی زایۆنیستی بە بیانووی " لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان " بە سەر ئێراندا سەپاندی. شەڕێک کە هیچ کام لە ئامانجەکانی بەدی نەهێنا، لەوانەش ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێران و تیرۆرکردنی خودی ئایەتوڵڵا خامنەیی. ئێمە ناچینە ناو باسی درۆکانی ترەمپەوە، بەڵکوو شیکردنەوەی لێدوانەکانی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەکەین. بانگەشەی بێ نرخ و تەواو درۆی ترەمپ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕوونی ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە. لێرەدا تەنیا سەیری دوو نموونەی ئەم بانگەشە بێمانا و بێ بەهایانە دەکەین:
یەکەم: بانگەشەی لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و پێدانی گەورەترین دەرفەت بەو وڵاتە. بەڵام ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی بە گرتنەبەری هەڵوێستی بەهێز تەنیا دوو ڕۆژ دوای کۆتایی هاتنی شەڕ، چیرۆکێک لە سەرکەوتنی ئەم وڵاتە و بەردەوامی بەرگری لە خۆی و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان و تەسلیمنەبوونی گێڕایەوە.
دووەم: ترەمپ بانگەشەی ئەوەیکرد کە شوێنی مانەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی دەزانێت بەڵام ڕێگەی نەداوە ئیسرائیل یان هێزەکانی ئەمریکا تیرۆری بکەن. کە دەبوو سوپاسی ئەو (ترەمپ) بکرایە. بەڵام ئەمە ڕووی نەدا.
سەبارەت بە بڕگەی یەکەم، ئەو بانگەشەی کە بە نیازبوو بە خێرایی سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت، درۆیەکی تەواوە. چونکە هەڵگرتنی سزاکان پێویستی بە بڕیاری کۆنگرێس هەیە. جگە لەوەش حکومەتەکەی ناتوانێت ئەم هەنگاوە بنێت پێش ئەوەی ئاگری شەڕ بە تەواوی کەم بێتەوە و ڕاستییەکان ڕوون ببنەوە. لە هەمووی گرنگتر ئێران تەسلیم نەبووە و مەرجەکانی ئەمریکای قبوڵ نەکردووە. لیندسی گراهام، سیناتۆری زایۆنیستی کۆماریخواز کە بە یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ترەمپ دادەنرێت، وتی: بە بێ داننان بە مافی بوونی ئیسرائیل، هیچ ڕێککەوتنێک لە گەڵ ئێران ناکرێت.
سەبارەت بە درۆی دووەمی، ئەویش ئەوەی کە ترەمپ ڕێگریی لە تیرۆرکردنی ڕێبەری ئێران کردووە لە لایەن ئیسرائیل و هێزەکانیەوە، ئەو لێدوانانەی کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە لایەن یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دراوە، بە تەنیا درۆی ترەمپ ئاشکرا دەکات. ناوبراو دانی بەوەدا ناوە کە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئەم شەڕە، ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێران و تیرۆرکردنی شەخسی ئایەتوڵڵا خامنەیی بووە، بەڵام هیچ دەرفەتێک یان زانیارییەکی درووست سەبارەت بە شوێنی مانەوەی ناوبراو لەبەردەستدا نەبووە و ئەمەش وایکردووە ڕێگری لە تیرۆرکردنی ئایەتوڵڵا خامنەیی بکات.
لەمانەی خوارەوەدا پێویست نابینم چەندین جار شیکاری دەستدرێژی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و لێکەوتەکانی و دیاریکردنی کێ سەرکەوت و کێ دۆڕاوە بگێڕمەوە، بەڵکوو بە سادەیی چەند خاڵێکی ستراتیژی پەیوەست بە شەڕی 12 ڕۆژە لە بواری سیاسی و سەربازیدا دەکۆڵینەوە.
یەکەم: ئێران لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەم شەڕە داوای یارمەتی لە هیچ یەک لە هاوپەیمانەکانی نەکرد، واتە چین و ڕووسیا و کۆریای باکور؛ تەنانەت نەچووە ناو چەکی سەربازی هاوپەیمانەکانی. هاوکات ئیسرائیل داوای لە ئەمریکا کرد دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومان بکات و سەدان تەن کەرەستەی سەربازی و مووشەک و بۆمب بۆ تەلئەبیب دابین بکات.
دووەم: ئێران هیچ کات داوای ئاگربەستی نەکرد و تا دوا ساتەکانی ڕێکەوتنی ئاگربەست بەردەوام بوو لە هەڵدانی مووشەکی بالستی و هایپەرسۆنیک.
سێیەم: ئەمریکا و ڕژێمی ئیسرائیل چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد ئێران ئەوەندە بەهێز بێت و ئەم مووشەکە زۆر پێشکەوتوویانەی کە کڵاوەی جەنگیی هێزێکی وێرانکەری زۆر بەرزیان هەیە، بەتایبەتی مووشەکی فەتاح و ساجیل و خیبەر لە جبەخانەکەیدا هەبێت، ئەو مووشەکانەی کە حەوت سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل و ئەمریکا نەیانتوانی ڕێگری لێبکەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان و لەناوبردنی چەند شارێک لە خاکە داگیرکراوەکان، وەک تەلئەبیب، حەیفا، ئەشدۆد، ئەشقەلۆن، بێرشەبا و سەفێد، کە زۆربەیان بوونەتە شارۆچکەی جنۆکە. وێنەی بینا وێران و ئاسمانە ڕووتەکان درۆ نییە، بەڵکوو بانگەشەی نتانیاهۆ و ترەمپە.
لە کۆتاییدا هیوادارین ترەمپ و ئیدارەکەی ڕاستییەکان بزانن. هەواڵی ناخۆشمان بۆیان هەیە. لەوانەش ئەو ڕاستییەی کە زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی ئیسرائیلی لە ڕێگەی قوبرس و ئەردەن و شەرموشێخەوە لە ناوچە داگیرکراوەکان هەڵاتوون و (هێشتا) نەگەڕاونەتەوە.
هەندێکیان 20 هەزار دۆلاریان داوە بە دەڵاڵ و بازرگانانی مرۆڤ بۆ ئەوەی پێش شەڕ و لە کاتی شەڕدا بە دوای پەناگەی سەلامەتدا بگەڕێن. هێشتا هەڵهاتنەکە بەردەوامە. جگە لەوەش 462 سەربازی ئیسرائیل لە گەڵ دەیان ئەفسەری سوپا و مۆساد و شین بێت و نزیکەی 423 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و چوار هەزار ئیسرائیلیش بریندار بوون و مەزەندە دەکرێت نزیکەی 12 ملیار دۆلار زیان بە ڕژێمەکە کەوتووە و دەیان هەزار کەسیش کە بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها پێویستە زەبر و زەنگی دەروونیش زیاد بکرێت بۆ ئەم لیستە. نتانیاهۆ دەبێت واز لە سانسۆرکردنی ژمارە و ئامارەکان بهێنێت کە پەیوەندییان بە زیانەکانی مرۆیی و ئابورییەوە هەیە.
دەستدرێژی هاوبەشی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، زۆرێک لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتی لە سەر زەوی گۆڕیوە. ڕەنگە پشتڕاستکردنەوەی ئەوە بێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە لێواری پرۆسەیەکی هەمەلایەنەی گۆڕانکاریدایە، پرۆسەیەک کە بناغەکانی نەک ترەمپ یان نتانیاهۆ، بەڵکوو لە لایەن ئێمە و منداڵانی ناوچەکە و سوپاکانییەوە دادەنرێت، لە غەززە دەست پێدەکات و لە تاران کۆتایی دێت... بەم زووانە هەموو شتێک ڕوون دەبێتەوە./.