بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی ، لە گەڵ دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ سەر ئێران لە شەڕی سەپێندراوی 12 ڕۆژەدا ئیدانە کرد و لە دوو کردەی جیادا، هۆشدارییەکی جددی بۆ هەموو لایەنە کوردییەکان دەرکرد، هەروەها بە ناردنی هێزی سەربازی، بۆ سنورە هاوبەشەکانی نێوان کۆماری ئێران و هەرێمی کوردستان بووە هۆی بەهێزبوون و  سەقامگیرتر بوونیان.

شەرمەزارکردنی دەستدرێژیی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران

بارزانی لە یەکەم هەنگاوی دەستبەجێی خۆیدا و لە یەکەم ساتەژانی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا ڕایگەیاند: " ئێمە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان ئیدانە دەکەین. ئەم ڕووداوانە زیاتر ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکەن و مەترسی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان درووست دەکەن. ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەری سەربازی تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. لەم ساتە گرنگانەدا ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە کاردانەوەی خێرا و دەستبەجێی لەم بارەوە هەبێت، هەوڵبدات دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت، هەروەها بە زووترین کات ڕێگەچارە بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنی دۆخی ئێستا بکات ".

هۆشدارییەکی جددی بۆ سەرجەم گرووپە دژبەرەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران

لە سەر بنەمای جەختکردنەوە تایبەتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چالاکیی دووەمدا، بۆ سەرجەم گرووپە دژبەرەکانی شۆڕشی ئیسلامی و نیشتەجێی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ بە جددی هۆشداری درا کە بە پشت بەستن بە ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، مافی هیچ جموجۆڵ و چالاکییەکی سەربازییان نییە لە سەر سنورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق.

بەهێزکردنی سنورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان

بارزانی لە سێیەم هەنگاوی دەستبەجێی خۆیدا هێزی سەربازی و ئەمنیی بۆ بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی سنورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نارد و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، ڕێگریی لە جموجۆڵ و چالاکیی گرووپە کوردییەکانی ئێرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کرد.

پەیوەندی تەلەفوونی لە گەڵ سەید عەباس عێراقچی

لە چوارەمین ڕۆژی ئەم شەڕە سەپێندراوەی 12 ڕۆژەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەلەفوون وتووێژی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد. لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا هەردوولا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخەکە و وەڵامدانەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕژێمی زایۆنیستی کرد و سەبارەت بە کاریگەرییەکان و دەرئەنجامەکانی لە سەر ناوچەکە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

دوابەدوای ئەم پەیوەندییە تەلەفوونییە، هەردوولا لە سەر پاراستنی ئاشتی و چەسپاندنی سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی دۆخی ئێستا و ناسەقامگیری و هەروەها ڕێگریکردن لە گرژی و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ململانێی زیاتر هاوڕا بوون. هەر لەو پەیوەندییەدا جەختیان لە سەر ڕۆڵی کاریگەرانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە لە وەستاندنی ململانێ سەربازییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی چارەسەری ئاشتییانەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم پەیوەندییە تەلەفوونییەدا هەر دوو لا ئاماژەیان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان وڵاتانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بەو ڕێکەوتنە کردەوە.

داخستنی بنکەی ئاسمانی هەریری ئەمریکا لە نزیک هەولێر

پاش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، میدیاکانی ناوچەکە باسیان لە داخستنی تەواوەتی بنکەی ئاسمانی هەریری ئەو وڵاتە لە نزیک شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق و گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی ئەمنی لەوێ کرد.

پێشوازیکردن لە ئاگربەست 

لە یەکەم ساتەکانی وەستانی ئەم شەڕە سەپێندراوەدا، بارزانی لە پەیامی فەرمی خۆیدا ڕایگەیاند کە " پێشوازی لە ڕاگەیاندنی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل دەکەم ".

ڕاشیگەیاند کە " من لەو باوەڕەدام کە تاکە ڕێگا بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی و بەردەوامی گەشەسەندن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هەمەلایەنە و بنچینەیی نێوان هەموو لایەنەکانە. سوپاس و پێزانینی سەرۆک ترەمپ و سەرکردەکانی دیکە دەکەم بۆ پابەندبوونیان بە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان لەم کاتە سەختانەدا "./.