جام کوردی ـــ پارێزگاری کرماشان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ عێراقدا، جەختی لە پەرەپێدانی پێشانگای تایبەتمەند و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانییەکان و کەڵک وەرگرتن لە توانای چاندنی دەرەوەی خاکی وەک چارەسەر بۆ بەرزکردنەوەی بازرگانی و هەمەچەشنکردنی هەناردەی پارێزگاکە کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وتووێژی حکوومەت و کەرتی تایبەتی پارێزگای کرماشان، هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنی وەک یەکێک لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی ئابووریی ئەو پارێزگایە خستەڕوو و وتی: هەتا هەمەچەشنی کاڵای هەناردەکراو زیاتر بێت، ئەوا لەبەرانبەر سنووردارکردن و هەڵاوسانی بازاڕە ئامانجدارەکاندا، بازرگانی بەر، زیانی کەمتر دەکەوێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە پشکی کرماشان کە نزیکەی لەسەدا ٤٠ی هەناردەی ئێرانە بۆ عێراق، زیادی کرد: پێداچوونەوەیەک بە کاڵای هەناردەکراو لە سنوورەکانی پەرویزخان، خوسرەوی و سومارەوە نیشان دەدات کە زۆرینەی هەناردەی ئەو پارێزگایە بۆ کەرەستەی بیناسازی و بەشێکیش بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تەرخان کراوە، هەروەها پێویستە پلان بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی دیکەی هەناردەکردن دابنرێت.
پارێزگاری کرماشان داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وتووێژی حکومەت و کەرتی تایبەت کرد کە بە جددی پرسی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردن بخەنە بەرنامەی کار و بەدواداچوون بۆ چارەسەرەکانی جێبەجێکردنی لە ئاستی پارێزگا و نیشتمانیدا بکەن.
حەبیبی هەروەها باسی زیادکردنی پشکی کرماشانی لە پلانی بازرگانی سنووری وەک داواکارییەکی دیکەی گرنگی ئەو پارێزگایە ڕاگەیاند و وتی: ئەم پلانە توانایەکی بەنرخە بۆ خۆشگوزەرانی ئابووری سنووری و باشترکردنی گوزەرانی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کرماشان خاوەنی چەندین سنوور و بازاڕی چالاکە، پێویستە پشکێکی زیاتر لە قازانجەکانی بۆ ئەو پارێزگایە تەرخان بکرێت.
ناوبراو ئەنجامدانی پێشانگای تواناکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی لە عێراق بە یەکێک لە چارەسەرەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان زانی و ڕایشیگەیاند: پێویستە ئەو پێشانگایانە هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە ناوچە عەرەبییەکانی عێراق بەڕێوەبچن بۆ ئەوەی دەرفەتێک بۆ ناساندنی توانا ئابووری و بەرهەمهێنانی پارێزگاکە بڕەخسێنن.
پارێزگاری کرماشان هەروەها جەختی لە پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بە تەوەری کەرتی تایبەت کردەوە و وتی: پشتیوانی لە ناردن و وەرگرتنی شاندی ئابووری و بازرگانی دەتوانێت بنەما بۆ فراوانکردنی هاوکاری هاوبەش و زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕەکان دابین بکات.
حەبیبی بە ئاماژەدان بە تواناکانی کەرتی کشتوکاڵ، پەرەپێدانی چاندن لە دەرەوەی سنووری لە عێراق بە یەکێک لە دەرفەتە گرنگەکانی بەردەم پارێزگا زانی و دەشڵێت: کرماشان خاوەنی سەرچاوەیەکی مرۆیی پسپۆڕ و تایبەتمەند و دەرچووی بەتوانایە لە بواری کشتوکاڵدا، هەروەها دەکرێ لەم توانایە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنان لە دەرەوەی وڵات و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ عێراق کەڵک وەربگیرێت.