بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرید جەواهێرزادە لە پێناسەکردنی دۆخی پیشەسازی گەشتیاری لە قۆناغی دوای شەڕی سەپێندراوی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئێران، ڕایگەیاند: ئەوەی تەواو دیارە ئەوەیە کە ئێمە شاهیدی ئەوە دەبین کە دۆخی ئێستای پیشەسازی گەشتیاری دوای شەڕی 12 ڕۆژە تەحەدای بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ وەک چەندین جار ئاماژەی پێکراوە، پیشەسازی گەشتیاری لە سەر دوو بنەمای سەرەکی دامەزراوە: ئاسایش و خزمەتگوزاری.
ناوبراو وتی: کاتێک شەڕ، گرژی سیاسی یان ئاڵۆزی لە شوێنێکی گەشتیاری ڕوودەدات، یەکەم و گرنگترین کاریگەری دابەزینی بەرچاوی خواستی گەشتکردنە، ئەم دابەزینە نەک تەنیا گەشتیارانی بیانی ناگرێتەوە، بەڵکوو بە هۆی نیگەرانییە ئەمنی و ئابورییەکانەوە کاریگەری لە سەر گەشتیارانی ناوخۆ و تەنانەت خەڵکی ناوخۆش هەیە.
جەواهێرزادە وتی: بەرچاوترین زیان بە بازرگانی گەشتیاری، وەک سیستەمی ئامادەکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی پەیوەندیدار، ئەوەیە کە ڕووبەڕووی دابەزینی بەرچاوی داهات دەبنەوە. بەڵام ئاوەدانکردنەوەی پیشەسازی گەشتیاری دوای شەڕ نەک هەر مومکین نییە، بەڵکوو دەتوانێت وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کەلتوری خزمەت بکات.
ناوبراو ئەم پڕۆسەیەی بە ئاڵۆز و فرەلایەن زانی و ڕایگەیاند: ئەمە پێویستی بە پلانی ورد و وەبەرهێنانی گونجاو و هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە. لەم ڕووەوە دەتوانرێت ئاماژە بە چەند ڕێگەچارەیەکی سەرەکی بکرێت کە یەکێکیان دامەزراندنی ئاسایش و متمانە درووستکردنە. بۆیە یەکەم هەنگاو بۆ بوژاندنەوەی گەشتیاری بریتییە لە دامەزراندنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا، ئەمەش پێویستی بە ڕێوشوێنی جیدی هەیە لە سەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.
سەرۆکی کۆمەڵەی زانستی گەشتیاری سرووشتیی ئێران وتی: پرسی دووەم ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانەکانە، چونکە بە زۆری شەڕ زیانێکی قەرەبوو نەکراو بە ژێرخانی گەشتیاری وەک هۆتێل و ڕێگاوبان و شوێنە مێژووییەکان دەگەێنێت، بۆیە وەبەرهێنان لە ئاوەدانکردنەوەی ئەم ژێرخانە پێویستە.
ناوبراو ڕێ کلام و بازاڕکردنی ئامانجداری وەک چارەسەری سێیەم خستەڕوو و ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی هەڵمەتەکانی ڕێکلام بۆ دووبارە ناساندنەوەی شوێنی گەشتیاری و جەختکردنەوە لەسەر گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری دەتوانێت کاریگەر بێت. بەکارهێنانی میدیای نێودەوڵەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کلیلە لەم ڕووەوە.
پیشەسازی گەشتیاری لە سەر بنەما بەردەوامەکان پێناسە دەکرێتەوە
سەبارەت بە گەشەپێدانی بەردەوامی گەشتیاری، جەواهێرزادە زیادی کرد: دوای شەڕ، دەرفەتێک هەیە بۆ پێناسەکردنەوەی پیشەسازی گەشتیاری لە سەر بنەمای پرەنسیپی بەردەوام. ئەمەش بریتییە لە پاراستنی ژینگە، پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگا ناوخۆییەکان و بەهێزکردنی ناسنامەی کەلتوری.
مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی گەشتیاری جەختی لەوە کردەوە کە درووستکردنی هەلی کار و پاڵپشتیکردنی بزنسە بچووکەکان لەم ڕووەوە گرنگە، چونکە گەشتیاری دەتوانێت وەک هێزێکی بزوێنەر بۆ دامەزراندن لە ماوەی ئاوەدانکردنەوەدا کار بکات. پاڵپشتیکردنی بازرگانی بچووک و مامناوەند لەم پیشەسازییەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە باشترکردنی بژێوی خەڵک.
ناوبراو ئاماژەی بە بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کرد و وتی: ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و هاوکاری لە گەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی پیشەسازی گەشتیاری. لە کۆتاییدا ئاوەدانکردنەوەی گەشتیاری لە دوای شەڕ نەک تەنیا یارمەتی بوژانەوەی ئابوری دەدات، بەڵکوو دەتوانێت وەک ئامرازێک بێت بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی و پاراستنی شوناسی کەلتوری.
جەواهێرزادە وتی: بە گرتنەبەری ڕێبازێکی هەمەلایەنە و بەردەوام، دەتوانرێت پیشەسازی گەشتیاری بگۆڕدرێت بۆ یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی گەشەسەندن لە سەردەمی دوای شەڕدا.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتی: ئاوەدانکردنەوەی پیشەسازی گەشتیاری دوای شەڕ پێویستی بە ڕێوشوێنی یەکگرتوو و پلانی داڕێژراو هەیە کە دەتوانرێت لە شەش هەنگاوی سەرەکیدا پوخت بکرێتەوە؛ هەنگاوی یەکەم و گرنگترین هەڵسەنگاندنی وردە بۆ دۆخی ئێستا، دەستنیشانکردنی زیان و تەحەددیاتی پیشەسازی گەشتیاری. بە بێ تێگەیشتنێکی درووست لە کێشەکان، پلانی کاریگەر ناتوانرێت.
وتیشی: ئاوەدانکردنەوە و بەرزکردنەوەی ژێرخانی گەشتیاری وەک هۆتێل و ڕێگاوبان و شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕاکێشانی گەشتیاران ؛ هەروەها بۆ دامەزراندنی ئاسایشی بەردەوام و دابینکردنی دڵنیایی بە گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی لە ڕێگەی ڕێوشوێنی ئەمنی و هاوکاری نێودەوڵەتییەوە زۆر گرنگە .
سەرۆکی کۆمەڵەی زانستی گەشتیاری سرووشتیی ئێران وتی: هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش سەرمایەگوزاری لە ڕاهێنان و بەهێزکردنی سەرچاوە مرۆییەکان لە پیشەسازی گەشتیاری، لەوانەش ستافی هۆتێل، ڕێبەری گەشتیاری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، دەتوانێت کوالیتی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکاتەوە.
جەواهێرزادە ئاماژەی بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی هاوشێوە کرد و وتی: لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو لە ئاوەدانکردنەوەی گەشتیاری لە دوای قەیرانی هاوشێوە، وەک تورکیا، سریلانکا، کرواتیا و فەرەنسا، دەتوانێت مۆدێلێکی گونجاو بێت بۆ ئێران.
ئەم مامۆستایەی زانکۆ و شارەزای گەشتیاری سەبارەت بە کاریگەرییەکانی شەڕ لە بواری گەشتیاریدا وتی: شەڕ و قەیرانەکان کاریگەری قووڵیان لە سەر پیشەسازی گەشتیاری هەیە، لەوانەش دابەزینی بەرچاوی خواست، سنوردارکردنی گەشتەکان، زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابوری و کاریگەرییە دەروونییە نەرێنییەکان. بۆیە خۆڕاگری و هاوکاری نێوان کەرتەکان پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە.
جەواهێرزادە ئاماژەی بەوەدا کە کۆکردنەوەی بەڵگەنامەیەکی نیشتمانیی خۆڕاگری پیشەسازی گەشتیاری، درووستکردنی پرۆتۆکۆڵی وڵامدانەوەی خێرا و پلانی گشتگیری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە پارێزگاکاندا دەتوانێت پیشەسازی گەشتیاری زیاتر خۆڕاگرتر بکات لە بەرامبەر قەیرانەکانی داهاتوودا.
ئاوەدانکردنەوەی پیشەسازی گەشتیاری وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی پێگەی نێودەوڵەتی ئێران
ناوبراو بە ئاماژە بە ئێرانۆفۆبیا و بنیاتنانەوەی وێنەی نێودەوڵەتی وتی: یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی ئێستا ئێرانۆفۆبیا و وێناکردنی نەرێنی ئێرانە لە گۆرەپانی نێودەوڵەتیدا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پرسە هەوڵێکی بە کۆمەڵ بۆ ناساندنی ڕووخساری ڕاستەقینەی ئێران وەک وڵاتێکی ئاشتیخواز و کەلتوری و میواندۆست پێویستە. ئەمەش پێویستی بە هاوکاری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هەیە، لە خەڵکەوە تا دەسەڵات و حکومەت، بۆ گۆڕینی هەڵوێستی بیروڕای گشتی جیهانی.
جەواهێرزادە ڕایگەیاند: دواجار ئاوەدانکردنەوەی پیشەسازی گەشتیاری لە دوای شەڕ نەک هەر یارمەتیدەر دەبێت بۆ بوژانەوەی ئابوری، بەڵکوو دەتوانێت وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی پێگەی نێودەوڵەتی ئێران بێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی زانستی گەشتیاری سرووشتیی ئێران وتی: بە گرتنەبەری ڕێبازێکی هەمەلایەنە و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونە جیهانییە سەرکەوتووەکان، دەتوانرێت پیشەسازی گەشتیاری ئێران بگەڕێندرێتەوە بۆ ڕۆژانی لوتکە./.