بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان لە سەروتاری ڕۆژنامەی " رای الیوم " دا ڕایگەیاندووە کە ئاژاوەگێڕی، ململانێ، یەکلاییکردنەوەی سەربازی، ناکۆکی تائیفی و دەستێوەردانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کە ئێستا لە سوریا ڕوودەدات، بەرجەستەیەکی بچووکی سیناریۆیەکی وێرانکەری ئەمریکی - زایۆنیستییە کە بە ناچاری بۆ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بڵاودەبێتەوە.
وادەی بەسەرچوونی جۆلانی بۆ بەرەی ئەمریکا کۆتایی هاتووە
عەتوان ڕایگەیاندووە کە دیارترین تایبەتمەندی ئەم سیناریۆیە ئاژاوەگێڕییە کە بە ناچاری دەبێتە هۆی شەڕی تائیفی و نەتەوەیی لە ناو وڵاتانی عەرەبی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتانە. کاتێک فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای زایۆنیست بە بیانووی پاراستنی پێکهاتەی دروز لە سوەیدا بارەگاکانی ئەرکانی گشتی سوپای سوریا و بارەگای وەزارەتی بەرگری و دەوروبەری کۆشکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بۆردومان دەکەن، ئەمە مانای ئەوەیە کە ڕژێمی داگیرکەر بە هەموو شێوەیەک لە پشت ئەم پیلانەوەیە و ئامانجیشی کۆتاییهێنانە بە بوونی وڵاتێک بە ناوی سوریا.
ئەو شرۆڤەکارە فەڵەستینییە ڕایگەیاند: لە سەردەمی حکومەتی پێشووی سوریادا، ئەمریکا بە بیانووی دیمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤ و شەڕی ستەمکاری، گەمارۆیەکی قورس و شەڕی برسێتی بە سەر گەلی سوریادا سەپاند، بۆ ئەوەی ئەم خەڵکە و وڵاتەکەیان پاڵ بنێتە ناو ئەو ئاژاوە خوێناوییەی ئێستاوە. ڕژێمی نوێی سوریا تەنیا قۆناغێکی گواستنەوەی کاتی بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی سەرەکی ڕووخاندنی حکومەتی پێشوو و دوای تەواوکردنی ئەرکەکە، خۆی نامێنێت و لەناو دەچێت.
لە درێژەی وتارەکەدا هاتووە: ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی)، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوریا، لە ڕووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، پابەندبوون بە دوورخستنەوەی سوریا لە بەرەی خۆڕاگری و دابینکردنی ئاسایش بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، هەموو شتێکی بە زایۆنیستەکان بەخشی کە دەیانویست. بەڵام هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە نەیانتوانی خۆدی جۆلانی بپارێزێت و خۆی و حکومەتەکەی لە دەستدرێژی و زەلیلی و هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی نەپاراست، چونکە ئامانجی ستراتیژیی بەرەی ئەمریکی - زایۆنیستی لە بنەڕەتدا گۆڕینی سرووشتی سوریایە نەک تەنیا گۆڕینی ڕژێم.
پاش سوریا نۆرەی وڵاتانی عەرەبییە
عەتوان ڕایگەیاند: برایانی دروزمان هەڵەیەکی گەورەیان کردووە ئەگەر باوەڕیان بە بانگەشەی درۆینی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ پاراستنیان هەبێت. ڕژێمی زایۆنیستی باش ئاگاداری هەستی عەرەبییەت لە نێو کۆمەڵگەی دروزەکانی سوریادایە؛ هەستێک کە لە سەرکردەی قارەمانی عەرەبی دروز، سوڵتان پاشا ئەلعەترەشدا بەرجەستە بوو، کە سەرکردایەتی ڕاپەڕینی عەرەبی کرد دژی ستەمکاریی ڕۆژئاوا.
سەرنووسەری ڕۆژنامەی رای الیوم لە درێژەدا ڕایگەیاند: کەمتر لە 5 کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی ڕووخانی حکومەتی پێشووی سوریا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر لە 500 هێرشیان ئەنجامدا بۆ لەناوبردنی بنکە سەربازییەکان، فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و کۆگاکانی چەکی سەر بە سوپای عەرەبیی سوریا. بۆیە تەواو ڕوونە کە ئامانجی بەرەی ئەمریکی – زایۆنیستی لەناوبردنی وڵات و گەل و مێژوو و ناسنامەی عەرەبی سوریا بووە نەک تەنیا حکومەتی سوریا. هەمان ئامانج لەمڕۆدا بە ڕوونی لە باشوری سوریا و دڵی دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتەدا ڕوودەدات.
عەتوان ڕایگەیاند: باشوری سوریا کە گەورەترین هەڕەشەی وجودی بوو بۆ سەر ڕژێمی داگیرکەر و ئاسایشی وڵاتەکەی، ئێستا ڕاستەوخۆ بە بیانووی پاراستنی دروزەکان لە دڕندەیی حکومەتی کاتی لە دیمەشق لە ژێر داگیرکاریی زایۆنیدایە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم پیلانگێڕییە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بیانووی تایفی و قەومی ڕەت ناکەینەوە. داوا لە وڵاتانی عەرەبی ناکەین کە بە ڕووخانی حکومەتی پێشووی سوریا دڵخۆش بوون و ئاهەنگیان گێڕا بە هاتنە سەرکاری حکومەتی نوێ، پشتیوانی ئەم حکومەتە بکەن؛ چونکە ئەم وڵاتە عەرەبییانە هەمان ئەو لایەنانەن کە لە بەرامبەر تاوانەکانی داگیرکەران بەرامبەر بە خەڵکی غەززە بێدەنگ بوون و یەک نانیان بەو خەڵکە برسییانە نەدا و تەنانەت خاوەنی ئاغا ئەمریکی و لایەنگری قەساب و بکوژەکانیان (ئاماژە بۆ دۆناڵد ترەمپ)یان بە پێنج ترلیۆن دۆلار خەڵات کرد و دیاری کەسییان پێشکەش کرد و ڕێکەوتنی بازرگانی قازانجیان لە گەڵدا واژۆ کرد.
لە کۆتایی ئەم وتارەدا هاتووە: ڕوونە کە ئەم پیلانە ئەمریکییە - زایۆنیستییە کە بە بیانووی تائیفی و قەومی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە سوریا و جێبەجێکردنی پلانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بە ناسنامە و هەژموونی زایۆنیستی بە کار دەهێنێت، بە ناچاری بۆ زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت میسر، سعوودیە، جەزائیر، لوبنان، عێراق و تەنانەت تورکیاش بڵاو دەبێتەوە و ئەم پرۆسەیە بەردەوامە. دۆستایەتی لە گەڵ ئەمریکا، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و دابینکردنی چەندین ترلیۆن دۆلار هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئاگرەکە نەگاتە ئەو وڵاتە عەرەبیانە و بیانسووتێنێت و پێشهاتەکانی داهاتوو هەموو شتێک ڕوون دەکەنەوە./.