بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە بە فەرمی بنکە سەربازییەکانی لە سەنگال ڕادەست کرد و کۆتایی بە بوونی 65 ساڵەی وڵاتەکەی هێنا، ئەمەش دوایین زنجیرە کشانەوەیە لە بەشە داگیرکراوەکانی پێشوو لە کاتێکدا پاریس ڕووبەڕووی پەرەسەندنی خواستێک بووەتەوە لە سەرانسەری ئەفریقا بۆ کۆتاییهێنان بە ئامادەبوونی سەربازیی خۆی.
بەم هەنگاوە بە فەرمی سوپای فەرەنسا بێ بنکەی هەمیشەیی لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا ماوەتەوە. کەمپی گویل کە گەورەترین بنکەی فەرەنسییە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا و لە ڕێوڕەسمێکدا کە بەرپرسانی باڵای فەرەنسی و سەنگال ئامادەی بوون، بنکەکەی لە فڕۆکەخانەی داکار ڕادەستکردەوە.
ئەم کشانەوەیە کۆتایی بە 65 ساڵ بوونی سەربازیی فەرەنسا لە سەنگال هێنا و دوای کشانەوەی هاوشێوە لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا دێت.
نزیکەی 350 سەربازی فەرەنسی کە ئەرکی سەرەکییان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بوو لە گەڵ سوپای سەنگال، دوای سێ مانگ پڕۆسەی کشانەوە، وڵاتی ڕۆژئاوای ئەفریقا بەجێدەهێڵن. فەرەنسا لە مانگی ئازاردا دەستیکرد بە ڕادەستکردنی بنکەکانی بە سەنگال.
بێسێرۆ دیۆما فەی، سەرۆکی سەنگال، دوای ئەوەی لە ساڵی 2024 دا لە هەڵبژاردنێکی ئەو وڵاتەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بەڵێنی گۆڕانکاری بنەڕەتی دا، داوایکرد تا ساڵی 2025 سەربازانی فەرەنسا وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن. بەڵام بە پێچەوانەی سەرکردەکانی تری داگیرکەری پێشووی وەک بورکینافاسۆ، مالی و نەیجەر کە لە لایەن دەستەی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێن پێداگریکردووە کە سەنگال بەردەوام دەبێت لە هاوکاری لە گەڵ پاریس.
سەرۆکی سەنگال بەڵێنیدا وڵاتەکەی زیاتر خۆبژێوی بکات، وادەی کۆتایی ساڵی 2025 ی بۆ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی بیانی دیاریکرد.
فەی لە کۆتایی ساڵی 2024 دا وتی: سەنگال وڵاتێکی سەربەخۆیە، دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە، سەروەریش بوونی بنکەی سەربازی لە وڵاتێکی سەربەخۆدا قبوڵ ناکات، بەڵام فەرەنسا وەک هاوبەشێکی گرنگ بۆ سەنگال دەمێنێتەوە.
هەروەها داوای لە پاریس کردووە داوای لێبوردن بکات لە بەرامبەر تاوانە داگیرکەرییەکان، لەوانەش کۆمەڵکوژی دەیان سەربازی ئەفریقی کە لە شەڕی جیهانی دووەمدا بۆ فەرەنسا شەڕیان کردبوو لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1944.
لە گەڵ زیادبوونی گومانەکانی حکومەتەکان لە سەرانسەری ئەفریقا لە ئامادەبوونی سەربازیی فەرەنسا، پاریس ژمارەی ئەو بنکانەی داخستووە یان کەمیکردووەتەوە کە لە سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتی پێشوویدا هەیبووە.
لە مانگی شوباتدا فەرەنسا تاکە بنکەی خۆی کە مابووەوە لە کەناری عاج ڕادەستکرد و کۆتایی بە دەیان ساڵ بوونی فەرەنسا لەوێ هێنا. مانگێک پێشتر فەرەنسا بنکەیەکی لە چاد کە دوا بنکەی سەربازی بوو لە ناوچەی کەناری پڕ لە کێشە، ڕادەست کرد.
دوابەدوای هەڵچوونە سیاسی و سەربازییەکانی بورکینافاسۆ، نیجەر و مالی لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023، کەسە سەربازییە بەهێزەکان هاتنە سەر دەسەڵات و هەموو ئەو وڵاتانە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ فەرەنسا پچڕاند و لەبری ئەوە ڕوویان لە ڕووسیا کرد بۆ یارمەتیدان لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارەکان.
کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کە هاوکات ناوچەیەکی داگیرکراوی پێشووی فەرەنسا بوو، داوای ڕۆیشتنی ئەو وڵاتەی کردووە. هاوکات سوپای فەرەنسا بنکەی خۆی لە گابۆن کردووە بە کەمپێکی هاوبەش لە گەڵ ئەو وڵاتەی ئەفریقای ناوەڕاست. تاکە وڵاتی بچووک جیبۆتی، لە شاخی ئەفریقا دوای کشانەوەی ڕۆژی پێنجشەممە، میوانداری بنکەیەکی سەربازی هەمیشەیی فەرەنسا دەکات. فەرەنسا بەنیازە بنکەکەی لە جیبۆتی کە نزیکەی هەزار و 500 سەربازی تێدایە بکاتە بارەگای سەربازیی خۆی بۆ ئەفریقا./.